کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ئێمە لە ئیستا پتر گرینگیی بە خۆپیشاندانەکان دەدەین هەتا دانوستانی ناوکی لەگەڵ تاران

11:47 - 21 رەزبەر 2722

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ئەمریکا، دانوستانە ناوکییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی وەلا ناوە و زۆرتر گرینگیی بە ئاقاری خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران دەدا.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی ڕایگەیاند دەوڵەتی ئەمریکا لە ئێستادا بە جێی ئەوەیکە گرینگی بە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بدا، زۆرتر تیشکی خستۆتە سەر ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان. هاوکات پشتیوانی لە شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران و جینایەتەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران مەحکووم دەکا.

نێد پرایس لە درێژەدا ئەوەشی گوت کە؛ بە دواداچوونی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا لە بەرنامەی ئەمریکادا نییە و پێویستە ئێستا زۆرتر گرینگی بە شۆڕشی سەرانسەریی خەڵکی ئێران بدرێ کە بەدژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران راپەڕیون و بە دڵنیاییەوە ئاکامێکی باشی دەبێ بۆ گەلانی ئێران. ئەمریکاش هەوڵی ئەوە دەدا کێشەی ئینتێرتێنی و پەیوەندییەکانی خەڵکی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە چارەسەر بکا بۆ ئەوەی زیاتر دەنگیان بە دنیای دەرەوە بگا.