کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خرۆشانی سەرانسەری لە ئێران و کوردستان

11:52 - 21 رەزبەر 2722

سەرەڕای سەرکوتکردنی هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵک لە زۆر لە شار و ناوچەکان لە کوردستان مانیان گرت و لە ئێوارەشدا دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، لە شارەکانی کوردستان وەکوو''ورمێ، مەهاباد، بۆکان، پیرانشار، بانە، سەقز، سنە، مەریوان، کرمانشان، ئیلام'' و لە شارەکانی ئێران لەوانە تاران، کەرەج، شیراز، ئەراک، بوشێهر، مەشهەد، ئیسفەهان، قۆم، کرمان و چەندین شاری دیکە خەڵکی ئازادیخواز، ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا.

لە شاری سنە، سەرەڕای سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژانی ڕابردوو، خۆپیشاندەران هەتا دەرنگانی شەوی چوارشەممە، لە شەقامەکانی ئەو شارە لە بە کردنەوەی ئاگر و دانی دروشم پێداگریی خۆیان لەسەر ویستەکانیان سەلماندەوە.

لە مەهاباد و بۆکان خۆپیشاندەران بەگوڕتر لە جاران بە دروشمی ''هەتا کوردیک بمێنێ، مافی کورد دەستێنێ'' و بژی حیزبی دێموکرات نیشاندەری ڕێی خەبات'' هاتنە سەر شەقام و هەڵوێستی خۆیان بە گوێ داگیرکەران چرپاندەوە. 

لە شارەکانی وەکوو کرمانشان و ئیلامیش خۆپیشاندران لە بەرامبەر هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وەستانەوە و بێزاری خۆیان لە ڕێژیمە دووپات کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کرمانشان دەیان کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵک بریندار بوونە و هەروەها دوو کەس لە خۆپیشانداران بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست دا.