کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیناریۆی ئازاردانی خەڵک بە ناوی پێشمەرگەوە

15:33 - 10 رەزبەر 2722

جاش و پاسدارەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە ئازار و ئەزیەتی خەڵک دەدەن.

دوای بەردەوامی خۆپێشاندانەکانی سەرانسەری لە ئێران بەتایبەت لە کوردستان، بەکرێگیراوانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ناو و جلوبەرگی پێشمەرگەوە هێرش دەکەنە سەر ماڵ و گیانی هاونیشتمانییان و ئازاریان دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان‌میدیا، شەوی شەممە ٩ی ڕەزبەر دوای مانگرتن و ناڕەزایەتی پڕشکۆی خەڵکی کوردستان و ئێران، هێزێکی سەر بە سپای پاسداران لە شارەکانی بانە و هەندێک ناوچەی دیکەی کوردستان بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە هیرشیان کردۆتە سەر ماڵ و گیانی هاونیشتمانییان و وێڕای سووکایەتی و لێدان، پاشان دەسبەسەریان کردوون.

هەروەک هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێ هێزی پێشمەرگە لە کچان و کوڕانی دڵسۆز و دەروەستی خەڵکی خۆی پێکهاتووە و بەهیچ شێوەیەک ئەم کردەوە قیزەون و نامرۆڤانەیە لە شکۆی پێشمەرگە ناوەشێتەوە و ئەو کەس و لایەنانەی بە جلی پیرۆزی پێشمەرگە خەڵکەکەمان ئازار دەدەن لەبیر خەڵک ناچنەوە.