کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمجارە جیاوازە

20:30 - 21 رەزبەر 2722

ئایەت ڕۆحانی
 
کورتەباسێ لەسەر جیاوازیی نێوان ناڕەزاییەتییە یەک لە‌دوای یەکانی نەتەوەکانی ئیران دژی کۆماری ئیسلامی، لە سەرەتاوە هەتا ئێستا.

بە پلەی یەکەم، ئەو پرسیارە دەخەینە ڕوو کە  بۆچی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکانی ڕابردوو، نەیانتوانی بە شێوەی ئەمجارە گشتگیر و بەربڵاو بن؟
هەروەها تیشک دەخەینەسەر هۆکاری ئەوەی کە بۆچی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ناڕەزایەتی دەرچووە و ناوی شۆڕشی لێ نراوە؟
لە درێژەدا، هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەدەین: هۆکار چییە کە ئەمجارە خەباتی نەتەوە بندەستەکان بە‌تایبەت خەباتی نەتەوەی کورد، داوی فاشیستیی "تەجزییەتەڵەب"یی تێپەڕاندووە و پاش شەهیدبوونی "ژینا ئەمینی"، دەبینین کە هەموو ئێران ئەم سەرباشقە بوون و پێشەنگایەتی کردنەی خەباتی کوردی بە ئەرێنی وەرگرتووە و تا ڕادەیەک بەشداریی کردووە؟
کاتێک دەڵێین ناڕەزایەتی بە پێی پێناسەکەی واتە مەترەحکردنی داخوازییەک یان دژایەتیی بڕیارێک و یاسایەک کە ئەکتێکی سنووردارە، واتە ئامانج لە ناڕەزایەتیدەربڕین بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییەکی سێنفی یان هاوشێوەیە.
شۆڕش بە واتاکەی خۆی واتە دژایەتیی سیستەم یان حکوومەتێکی دواکەوتوو و دیکتاتۆر و تۆتالیتەر بۆ ئەوەی سیستەمێکی جیاواز جێی بگرێتەوە کە ئەمەیان جێگای وتووێژ و سازانی تێدا نییە و دروشمەکان ساختار شکێنە و  تێکۆشان بۆ ڕووخاندنی کۆی دەسەڵاتە.
کوردستان هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، بە بایکۆتکردنی ڕێفراندۆمی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ واتە چەند مانگ پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، یەکەم جار هەڵوێستی جیدیی خۆی گرت و "نە"یەکی گەورەی بە نێوچاوانی خومەینی و دارودەستەکەی دا و هەر ئەودەم ڕایگەیاند کە ماهییەتی ئەم ڕێژیمە نادیارە، بەڵام ڕێژیم بە کەڵکاژۆ لە کەفوکوڵی ڕزگاری لە پاشایەتی، توانیی ئەو کەفوکوڵە بگوازێتەوە.
بەڵام ئەوکات زۆرینەی حەشیمەتی ئێران لە دەنگدان بەشدارییان کرد، ئەگەرچی لەبەر ناوەڕۆکی بژاردەکانی ڕێفراندۆم، ئەو بەڵێ وتنەی خەڵک هیچکات ڕەوایەتی بۆ سیستەمەکە ئەژمار نەکرا. 
پاشان دەبینین دەیان ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و میتینگ و مانگرتن و ڕێپێوان لە کوردستان سەری هەڵدا و لەوانە دەتوانین بە مانگرتنی خەڵکی شاری کامیاران دژی لەشکرکێشیی ئەرتەش و سپای پاسداران بۆ سنە و مەریوان ئاماژە بکەین کە دەبوو لە کامیارانەوە تێپەڕیبا. ئەوکات خەڵک لە سەر جاددەی سەرەکیی کرماشان-سنە مانیان گرت و لە پێش تانک و نەفەربەر و هێزی پۆشتەی ڕێژیم ڕاوەستان و ئیزنیان نەدا ئەو هێزە تێپەڕێت. شایانی باسە کە پیر و لاو، ژن و پیاو بە منداڵی ناو لانکیشەوە، لەو ناڕەزایەتییە بەشدار بوون.
هەروەها لە هەمان کات‌دا خەڵکی شاری مەریوان بەهۆی سەرەڕۆیی و ئاژاوەنانەوەی سپای پاسداران، بڕیاری ڕێپێوانێکی مێژووییان دا.
هەروەها دیان نموونەی دیکەی هاوشێوە ڕوویان داوە لە کوردستان و هەندێک شوێنی دیکەی ئێرانیش. دواتر ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی مەشهەد لە ساڵی ١٣٧١،
ناڕەزایەتیی قەزوێن بەهۆی ئەوەی لە مەجلیس رەدیان کردەوە ببێتە پارێزگا، ئیسلام شار کە بە‌هۆی گرانیی کرێی مینی بووس و کەم ئاوی ڕووی دا.
خۆپێشاندانەکانی کرماشان و جوانڕۆ بەهۆی تێرۆری مەلامحەممەدی ڕەبیعی، خۆپێشاندانی ٣ی ڕەشەمەی ١٣٧٧ ی کوردستان کە لەبەر گیرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕووی دا و زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشانی گرتەوە،
هەروەها ناڕەزایەتییەکانی تاران لە ساڵی ١٣٧٨ی قوتابیانی زانکۆ لەمەڕ داخستنی ڕۆژنامەی سەلام و ڕووداوی "کووی دانشگاە."
ناڕەزاییەکانی کوردستان لە ساڵی ١٣٨٤ بەهۆی شەهیدکردنی شوانە سەیدقادر کە زۆربەی شارەکانی کوردستانی گرتەوە،
مانگرتنی بازاڕییانی کوردستان لە ساڵی ١٣٨٥، 
خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨ کە بە‌هۆی ساختەکاری لە ژماردنی دەنگەکان ڕووی دا و بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی کە دروشمەکەیان تەنیا ئەوە بوو دەیان گوت دەنگی ئێمە کوا؟ ئەو ناڕەزایەتییە هەرچەند بەرین و پڕ حەشیمەت بوو بەڵام لەبەر ئەوە داخوازییەکە بۆ گەڕاندنەوەی دەنگی نێو هەڵبژاردنی سیستەم بوو و هەروەها ڕێبەرانی ئەم بەناو بزووتنەوەیە دەسبەسەر کران، سەرکوت کرا و کۆتایی پێ هات.

مانگرتنی گشتی لە کوردستان لە ساڵیادی تێرۆری ڕێبەری مەزنمان شەهید د. قاسملوو،  لە ساڵی ١٣٨٩ کە دووکان و بازاڕ داخران.
مانگرتنی گشتی بەبۆنەی ئیعدامی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی.
هەروەها ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٩٤، ١٣٩٦ و گرینگترینیان ١٣٩٨ بوو کە بە پێی ئامار زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم گیانیان لەدەست دا،  ئەمانەش هەر بە همان شێوەی پێشوو داواکاری و داخوازییەکی دیاریکراو و سنووردار بوون، بۆیەش هەموویان بە شێوەیەک سەرکوت کران.
هەروەها پاش هاژەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ دا، لە مانگرتنێکی بەربەرین کە هەموو ڕۆژهەڵاتی گرتەوە بەشدارییان کرد. ئەمەش کاردانەوەیەک بوو بۆ مەحکوومکردنی کردەوەیەکی قێزەونی دیکەی ڕێژیمی تاران.
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد ئەوەی لە ڕابردوودا کراوە بێجگە لە کورد هەمووی داخوازییەکی دیاریکراو و سنوردار بوون، تەنیا کورد و هێزە دژبەرەکانی ڕێژیم لە کوردستان دروشمی ڕووخانیان هەبووە.  

بەڵام ئەمجارە واتە پاش گرتن و شەهیدبوونی "ژینا ئەمینی" بە دەستی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم، کورد لە ڕۆژهەڵات بە بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە داوای مانگرتنی گشتییان کرد، جگە لەوەی بەدەم بانگەوازەکەوە چوون، دەستیان دایە خۆپێشاندان و وتنی دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر. لێرەوە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە هەوێنی ئەم ڕاپەڕینە و هەر زوو کاردانەوەی خەڵک لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانی لێ کەوتەوە.

ئەمەش لەخۆڕا و لەپڕێکدا سەری هەڵنەدا، بە درێژایی مێژووی ڕێژیمەکانی ئێران چ پاشایەتی و چ کۆماری  ئیسلامی، هەردەم کوردیان بە هەڵبەستنی کۆدی فاشیستیی تەجزییەتەڵەبی و .... ناوزەد کردبوو و هەر بەم شێوەیەش کوردیان سەرکوت و قەڵاچۆ کردبوو.

کورد لە ڕۆژهەڵات هەردەم لە خەباتدا بووە و بەردەوامە لەو خەباتە بەدژی ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆر و تۆتالیتەرە و ئەم ماوە دەرکەوت هەموو ئەو پێشبینیانەی لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمەوە کردبووی، ڕاست و دروست بوون. ئەمەش بوو بە هۆکاری ئەوەی خەڵکی بەشەکانی تری ئێران بگەن بەو قەناعەتەی کە ئێمە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە و ئەوەی ئەو دەسەڵاتە دەیڵێ و باسی دەکات، تەنیا بۆ تێکدانی یەکگرتوویی هەموو پێکهاتەکانی ئێرانە و نایهەوێ ئەم یەک دەنگی و یەکگرتووییە درووست ببێت.

هەربۆیە بینیمان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە دروشمی هەموو پێکهاتەکانی ئێران و لەوەش زیاتر بینیمان دەیانگوت "کوردستان، کوردستان چشم و چراغ ایران"، لێرەدا بۆیان دەرکەوت کە ئەوەی بە درێژایی تەمەنیان پێیان دیکتەکراوە تەنیا بۆ فریودان و تەفرەقە بووە بۆ ئەوەی بتوانن بەم شێوە درێژە بە جینایەتەکانیان بدەن.
هوکارێکی گرینگتر ئەوە بوو کە لە ئێراندا تەنیا کوردستان حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و چەکداریی هەیە و خاوەندارییەتی دەکات و خەڵکیش متمانەیان پێیەتی.
ئەمجار داخوازییەکان سنووردار و سادە نین بەڵکوو دروشمی ساختارشکێنی وەک "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "خامنەیی قاتڵە، ویلایەتی باتڵە" و دیان دروشمی تر ئەوترێتەوە کە واتاکەی هەوڵ بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر و بەربڵاوتر دەبێت.

هۆکارێکی دیکە کە ئەمەش کاریگەریی خۆی هەیە، دەنگدانەوەی نێودەوڵەتییە، دوای بەشداریی چالاکانەی تاراوگەنشینان کە لە نزیک ١٥٠ شار لە جیهاندا ڕێپێوانیان دژی کۆماری ئیسلامی وەڕێخست، ئەم خۆپیشادانانە لە بەر باڵوێزخانەکانی ڕێژیم، نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا و پارلمانی وڵاتانی دەرەوە بوو و کارت فشارێ بوو بۆ هەڵوێستگرتنیان کە کاریگەری ئەرێنیی بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بە دواوە بێ.

ئەم وتارە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.