کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینا ئەمینی بڵێسەی ڕاپەڕین

00:06 - 22 رەزبەر 2722

ئەسرین عاسی شوانی 

دوای ئەوەی ژینا ئەمینی لە تارانی پێتەختی ئاخوندەکانی ئێران بە شێوەیەکی گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هێنرا، دواهەناسە و جووڵەی خوێنی دەمارەکانی بووە بورکانێک و خەریکە جەستەی ئاخوندەکان دەسووتێنێ و دەبینین ئەمڕۆ ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران تەنگیان بە ڕێژیمی دار و ئاسن هەڵچنیوە و خەریکە سەریان دەخوات، بەجۆرێک کە زۆربەی شارەکانی ئێران بە جیاوازی نەتەوەییشەوە، بە دروشمی "ژن ، ژیان، ئازادی"، بەرامبەر چەوسانەوەی گەلانی ئێران لە لایەن ڕێژیمەوە وەستاون‌، سەرەڕای توندوتیژیی هێزە ئەمنی و داپڵۆسێنەرەکانی ئێران، واتا کاتێ خوێنی ژینا ئەمینی شاری سەقز ئەهەژێنێ، تەنها سەقز و ڕۆژهەڵاتی ئێران ناگرێتەوە، ئەو بڵێسەی تووڕەییە سەرجەم شارەکانی کوردستان و ئێران و تەنانەت ئوروپا و ئەمریکاش دەگرێتەوە و لەگەڵ گەلانی ئێران لەسەر خەتن و پشتیوانی لە ئازادی بۆ گەلانی ئێران دەکەن، کەواتە ڕێژیمی ئاخوندی لە سەرەمەرگ نزیک بوەتەوە و بۆیە دەبینین بۆ شاردنەوەی شکستەکانی پەلاماری باشووری کوردستان دەدات و خەڵکی سێڤیل و حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان دەکاتە ئامانج، تەنها بۆ شاردنەوەی شکستەکانی و بۆ ئەوەش تا زیاتر پەلاماری شەقامی ڕاپەڕیو بدات و شەرعییەت بە دڕندایەتیەکەی خۆی بدات، بەڵام مەرگ لەبەر دەرگایانە و ئازادیش لە ئاسۆ. چونکە تەنها مەرگی ژینا ئەمینی تووڕەیی ئەو وڵاتەی نەتەنیوە، ڕۆژانە دەیان و سەدان ژینا ئەمینی ئەژاکێندرێت، بە بەهانەی ئایین و دینی ئیسلام سەدان و هەزاران کاری ناڕەوا بەرامبەر بە خەڵکی ئێران دەکرێت، هەرچی ئازادی هەیە بەند و تەوق کراوە، بێکاری و نەهامەتی خەریکە گەلانی ئێران دەخنکێنێت، ماددەی هۆشبەر هۆشی لە سەرجەم دانیشتووان داگیرکردوە کە خودی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران بڕەوی پێ ئەدا و بازرگانیی پێوە ئەکات، تەنانەت هاوسێکانیشی گرتۆتەوە، وڵاتێک مەڵبەندی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر بێت و  بێکاری و نەداری تەنگی بە خەڵکەکەی هەڵچنیبێ و بە حیجاب و سەرپۆش ژنانی لە ژیان و دەوروبەر دابڕیبێ و ڕۆژانە دەیان کۆڵبەر خڵتانی خۆین بکرێت، ئەبێ تا کەی درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، وتەیەکی جوانە کە دەوترێ جام کە پڕ بوو لێی دەڕژێت، بەڕاستی ئێرانیش بوەتە ئەو جامە و لە هەموو سووچێکەوە لێی دەڕژێ و لە تەقینەوەی یەکجارەکی نزیک بووەتەوە، چونکە ئێران وڵاتێکە هیچ بڕوای بە ئازادییە تاکەییەکان نییە،بەناوی ئاینی ئیسلامەوە کۆت و بەندی هەموو کۆمەڵ کراوە، دەسەڵاتدارن لەوپەڕی ڕەفاهیەتدا دەژین و گەلانی ئێرانیش لە برسێتی و بێکاری و قاتوقڕی و ژێرچەپۆکی یاسا ئاژەڵ ئاساکانیان دەژین، بۆیە ناکرێت دەسەڵاتداران بە زمانی جەنگەڵستان هەڵسوکەوت بکەن و چاوەڕوانی ناڕەزایی ژیناکان نەبن، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ ڕووی داوە، تەنها شەهیدکردنی ژینا ئەمینی نییە، ئەوەی ڕوو ئەدات بورکانی تووڕەیی چەندین ساڵەی حوکمڕانیی کۆماری بەناو ئیسلامییە و لەوە زیاتر گەلانی ئێران وەک دەبینین بە کورد و فارس و عەرەب و بەلووچەوە ئیتر بەرگەی ئەو نەهامەتییانە ناگرن، یان ئازادی بەدەست دەهێنن یان لەپێناو ئازادیدا دەمرن، لەو نێوەندەشدا گۆڕێکی قووڵ بۆ ئاخوندەکان دروست دەکەن کە توندوتیژی و داپڵۆسین و کوشتوبڕ دادیان نادات.

ئەم وتارە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.