کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێستا ئێرانییەکان گوێ دەگرن، با قسەی خۆمان بکەین

00:10 - 22 رەزبەر 2722

وەیس خانەقینی

هەموو شۆڕشێک کە سەر دەکەوێ بۆ تەسفیە و سڕینەوەی نەیارەکانی چەندین پاساو و بیانوو دەهێنێتەوە کە لەو سەردەمەدا بەلای زۆرینەی خەڵکەوە پەسەندن. سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چل ساڵ زیاترە بە بیانووی دژی دژایەتیکردنی خودا و ویلایەتی فەقیهـ و بەکرێگیراوی ئەمریکا و ئیسرائیل .... هتد خەڵکیان دەگرت و زیندانی و لەسێدارەیان دەدا، هەموو حزب و ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانیان بەو بیانووانە قەدەغە و خۆیان گوتەنی (منحل)- هەڵوەشاندەوە. بەداخەوە ئەو پاساوانە لەماوەی ئەو چل ساڵەدا لەلای زۆرینەی ئێرانییەکان جێگەی پەسەند بوو، هەربۆیە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران کوشتوبڕەکانی بۆ دەچووە سەر و ئێرانییەکانی لەو قەفەسەدا هێشتەوە کە خومەینی بۆی دروست کردبوون.

هەڵبەت دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم مەبەستە سیاسەتێکی کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی وایان دانابوو تاکوو لە ڕێگەی حوسەینیە و مزگەوت و دەزگا زەبەلاحە میدیاییەکانیانەوە بەبەردەوامی ڕای گشتی و مێشکی خەڵک لەسەر ئەو پاساوانە بۆ کوشتوبڕی نەیارەکانیان ئامادە بکەن. ئەم سیاسەتە گەورەترین زەبری لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. وێنەی بزووتنەوەی کوردایەتی و حیزبەکانی کوردستان وەک دژەدین و بەکرێگیراوی ئەمریکا و ئیسرائیلی لەلای خەڵکی ئێران ڕۆیشتبوو، بۆیە زۆرینەی خەڵکی  ئێران هیچ سۆزێکیان بۆ کورد نەبوو.

دوای سەرهەڵدانی کاناڵە ئاسمانییەکان دواتر پەرەسەندنی سۆسیال میدیا، دەسەڵاتدارانی ئێران بەهەموو توانایەکیانەوە کاریان کرد بۆ ئەوەی هاوشێوەی کۆرەی باکور خەڵکی ئێران لەو تەکنەلۆژیا نوێیە بێبەش بکەن، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون و ئامێری سەتەلایت سەرەڕای قەدەغەکردنی لە هەموو ماڵێکدا هەیە و لە ڕێگەی فلتەرشکێنیشەوە هەموو تاکێکی ئێرانی دەستی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگا و ئاگایان لە ژیان و گۆڕانکارییەکانی دنیا هەیە... بەم جۆرە سیاسەتە کولتوورییەکەی ڕێژێم زەبرێکی گەورەی بەرکەوت و چیتر نەیدەتوانی نەوی نوێ لەسەر ئەو سیاسەتە ڕابهێنێ.

لە دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێرانی، دەزگا میدیاییەکانی حکومەت هەوڵ دەدەن بە هەمان میکانیزمی سەردەمی (ئایەتوڵڵا خەڵخاڵی) تۆمەتی (دژایەتی کردنی خوا و ویلایەتی فەقیهـ و بەکرێگیراوی ئەمریکا و ئیسرائیل .... هتد) بدەنە پاڵ ئەوانەی ڕژاونەتە سەرشەقامەکان، بۆ لەخشتەبردنی ڕای گشتی ئێرانی لە ژێر بەهەمان تۆمەت و پاساویشدا پەلاماری بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتیاندا، بەڵام ئەم قسانە بەلای خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێرانەوە تازە پولێکی قەڵپ نەهێنێ و ئێستا لە ئێران نەوەیەک پێگەیشتووە دروشمەکانی شۆڕشی ئیسلامی و قسەی بەرپرسەکانی ئێرانی وەک گیزەی خەرەنگەز وایە بۆیان و (دژایەتیکردنی خوا و ولایەتی فەقیهـ و بەکرێگیراوی ئەمریکا و ئیسرائیل .... هتد) بۆیان نەک هەر گرنگ نییە، بەڵکوو هەر کەس و لایەنێک لەلایەن ڕێژێمەوە ئەو تۆمەتانەیان بدرێتەپاڵ خۆشەویست و لە دڵا شیرین دەبن...

شەهیدبوونی کچە کورد ژینای سەقزی  و بۆردومانە ئابڕوچووەکەی دەسەڵاتدارانی ئێران، کە هاوسۆزییەکی گەورەی لە تەواوی ئێران و جیهان بۆ کورد دروست کردوە، هەلێکی لەباری بۆ حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات ڕەخساندوە تاوەکوو بتوانن ڕەوایەتی کێشەی کورد لەنێو خەڵکی ئێراندا بڵاوبکەنەوە، ئەو خەڵکەی کە ئێستا لە هەموو کاتێ زیاتر هەست بە مەزڵومەیەتی کورد و ڕەوایەتی کێشەکەی دەکات و ئامادەیە گوێ لە داواکانی خەڵکی کوردستان بگرێ. حزووری حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان لە هەموو خۆپیشاندانەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، پەیامی بەردەوامی سەرکردە و ڕێبەرانی ئەحزابی سیاسی بە زمانی فارسی، بوونی سیاسەتێکی میدیایی یەکگرتووی کوردی بۆ داڕشتنی گوتارێک کە خواستەکانی کورد دوور لە دەمارگرژی نەتەوەیی و توندڕەوی بگەیەنێتە ڕای گشتی ئێرانی، لە کارە لە پێشینیەیی و گرنگەکانی ئەم قۆناغەن.

ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئەوەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، دەسەڵاتی نوێ لە تارانەوە نەتوانێ بە بیانووی (پارچە پارچەکردنی ئێران یان هەر بیانویەکی دیکە) ڕای گشتی ئێرانییەکان لە دژی شۆڕشی گەلەکەمان بوروژێنێت و ڕۆژهەڵات خەڵتانی خوێن بکاتەوە.

ئەم وتارە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.