کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان هەیمەنەی دیکتاتۆری داگیرکەری تێک‌شکاند

16:59 - 10 رەزبەر 2722

ئەلبورز ڕووئین‌تەن

دەکرێ بڵێین بە هێرشکردنە سەر هێز و لایەنە سیاسییەکان و شەهیدکردنی منداڵان پێش ئەوەی لەدایک بن مەرگی خۆی خێرا و خێراتر کرد، چونکە هێرش بۆ سەر دڵ و سەنگەری کۆمەڵانی خەڵک بێ‌وەڵام نامێنتەوە و نەماوە.

بەپیل هاتنی مانگرتنی سەراسەری لە کوردستان لە لایەن خەڵکەوە بەشێوەیەکی گشتی و بێ‌وێنە ئەو وڵامە بوو کە کوردستانییان بۆ جارێکی دیکە بە دوژمنی داگیرکەریان دا.

بەڵام ئەوە دوایین وڵام نییە بەڵکوو هەنگاوێکی دیکەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان و سەرخستنی ئەو شۆڕشە بۆ ئەوەی کورد و کوردستان ئازاد بێت.

لە ۹ی ڕەزبەردا، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لە باکووریترین ناوچە تا باشوریترینی، شارەکان یەکدەنگ بەشێوەی جیاواز بەشدارییان لە مانگرتندا کردووە، بەجۆرێک وێڕای هەبوونی هەماهەنگییەکی بێ‌وێنە، توانیویانە کاریگەرییان لە سەر توێژی جیاوازیش هەبێ.

یەکێک لەو توێژانە قوتابییانی زانکۆ و زانکۆکانی کوردستان و ئێران بەگشتییە کە ئەوانەش وێڕای مانگرتن هەوڵیان داوە بە هەموو شێوەیەک ئەو مانگرتنە بەرەو خۆپیشاندان ببەن.

نابێ ئەوەش لە بیر بکەین ئەو شۆڕشەی کە لە خەرمانانەوە لە کوردستان دەستی پێکرد دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی لە تاراوگەش دروستی کردووە بەجۆرێک ئەم جارە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەنگی شۆڕش بە دونیا گەیشتووە.

لە لایەکی دیکەوە کوردستان ئەو ڕاستیەشی سەلماند کە خاوەن هێزێکی ئەوەندە گەورەیە کە دەتوانێ دیکتاتۆر لە تاران وەلەرزە بخات و تەنانەت ببێتە هۆکارێکی جیدی بۆ ڕووخاندنی. چونکە ئەوەی پێشتر و بەتایبەتی لەم دواییانە لە کوردستان دیومانە بۆتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەموو ئێران، ورەی داوە بە خەڵک تا باوەڕ بهێنێن کە دیکتاتۆر بە هەموو هێزیەوە لە بەرانبەر هێزی خەڵکدا لاوازە.

ئیتر لە ئەمڕۆ بە دواوە پێویستە زیاتر لە پێشوو باوەڕ بە هێزی لەبڕاننەهاتووی خەڵکمان بێنین کە ئەگەر نەشتوانین دیکتاتۆر لە تاران بڕووخێنین بەڵام دەتوانین لە کوردستان بیرڕووخێنین و ببینە سەرەتایەک تا لە تارانیش بیڕووخێنن.

لە ئەمڕۆوە پێویستە بەجیددی بیر لە قۆناغی سەرخستن و لەویش گرینگتر قۆناغی دوای سەرکەوتن لە کوردستان بکرێتەوە، پێویستە خاوەن پلانی ڕوون و ئاشکرا و نەتەوەیی بین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو خەباتەی کوردستان بە و شوێنەی کە خوێنی شەهیدانی بۆ ڕژاوە بگات.

ئازاری "ژینا" و "وانیار" ئازاری جیلەکانی بندەستە، پێویستە "ژینا" و "وانیار"ەکانی داهاتووی نیشتمان لە کۆردستانێکی ئازد و پێشکەوتوو و بەختەوەر بژین، پێویستە ئەگەر قوربانیش دەدەین لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و گرینگترینیان، واتە ئازادی بن.

لە ئێستا بەدواوە ڕێژیم بەردەوام تووشی هەڵە دەبێت و ئەوانەی بە چنگ و ددان بەرگریان لە ڕێژیم دەکرد بیر لەوە دەکەنەوە چۆن دەرفەتی خۆدەربازکردنیان دەبێ، قوناغی داڕمانی ڕێژیم لەوانەیە زۆر خێراتر لەوە بێ کە بیری لێ دەکرایەوە، ئەوە پەیامێکیشە بۆ دەستپێکی قۆناغی بونیادنانی وڵاتێکی ئازاد و پێشکەوتوو، بۆ پاراستنی ئازادی، بۆ هەبوونی پەیوەندییەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی گەل لەگەڵ ناوەند.

هەمووی ئەوانەش ئەرکی ئێمە هەموومان قورستر و قورستر دەکات و ئێمە بەرپرسیارین بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی دیکە.