کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: لانیکەم ٢٣منداڵ لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون

12:19 - 22 رەزبەر 2722

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ڕاپۆرتێکدا کردەوەی جینایەتکارانەی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر خۆپیشاندەرانی سەرانسەریی ئێران مەحکووم کرد و ڕایگەیاندووە؛ لانیکەم ٢٣ منداڵ لە خۆپیشاندانەکاندا بەدەستی هێزەکانی ڕێژم کوژراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ڕاپۆرتێکدا کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی خەڵکی ئێران شەرمەزار و مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەو پەڕی دڕەندەییەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ ٢٣ منداڵی کوشتووە کە ٣ کەسیان کچن و ٢٠کەسی دیکەش کوڕن که ڕاستەوخۆ بە گولـلە کوژراون.

ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە داوای ئەوەی کردووە کە کۆبوونەوەیەکی بە پەلە لە پێوەندی لەگەڵ سەرکوتە خوێناوییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خەڵکی ئەو وڵاتە پێک بهێنرێ.

هەروەها لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە بە هەموو شێوەیەک سەرکوتکردنی خوێناویی ڕێژیمی بەرانبەر بە خەڵکی ئێران و منداڵان مەحکووم و شەرمەزار دەکەین.

 پشتیوانی لە شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران دەکەین، کۆماری ئیسلامی منداڵانی خوار تەمەن ١٨ساڵی کوشتووە و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە منداڵانیش ئەو حکوومەتەیان قەبووڵ نییە و دەبێ تاران لەوە تێبگا کە کۆتاییەکانی دەسەڵاتییەتی.