کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و تەنگی بە ڕێژیمی ئێران هەڵچنیوە

21:48 - 22 رەزبەر 2722

ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێران، تەنگی بە ڕێژیمی ئێران هەڵچنیوە و زۆربەی سیستەمە پێوەندییەکانی پچڕاندووە.

لە درێژەی ڕەوتی خۆپیشاندانەکان و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێران لە ماوەی نزیک بە یەک مانگی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێرانی وەزاڵە هاتووە و هەموو هەوڵێکی بۆ سەرکوتی ئەو ڕاپەڕینە و کپکردنی دەنگی خەڵکی ڕاپەڕیوی گرتووەتە بەر، بەڵام تا دێ ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵک زیاتر پەرە دەستێنێت.

ڕێژیم لە درێژەی ئەم هەوڵەکانیدا، وێڕای ئەوەی کە لە ماوەی ڕابردوودا ئینێرنێتی زۆربەی ناوچەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستانی پچڕاندووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی واتس‌ئەپ و ئینستاگرامی فیلتێر کردووە، هەنووکەش سیستەمی کورتەنامەی هێڵی "هەمڕاه‌ئەوڵ"، "ئێرانسل" و "ڕایتێلـ"ـی کە سێ کۆمپانیای هێڵی پێوەندیی ئاساییی نێوخۆی ئێران، لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا پچڕاندووە.

سەرەڕای ئەوەش ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی کورتەنامەوە هەڕەشە لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران، بەتایبەت لە کاسبکارانی بازاڕی و ئەو دووکاندارانە دەکەن کە لە مانگرتنە سەرانسەرییەکاندا دووکان و بازاڕیان داخستووە.