کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران : پارێزگاکانی کوردستان بوونەتە ئامانجی سەرکوتی وەحشیانە

21:46 - 22 رەزبەر 2722

لانی کەم ٤ کەس لە خۆپیشاندەران بە فیشەکی راستەکی لە شاری سنە ناوەندی پارێزگای کوردستان کوژران
رۆژی شەممە ١٠ی ئۆکتۆبر، شاری سنە بۆ سێهەم شەوی لە دوای یەک و لە ژێر سەرکوتێکی دڕندانەدا بەدژی دەسەڵات شانۆی گەورەی خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوە چوو. ئینتەرنێت تا نیوەشەو واتە کاتژمێر ٢٤ بە تەواوی پچڕابوو و وێنەو دەنگی خۆپیشاندەران بە سەختی بۆ دەرەوە دزەی دەکرد. رۆژانی ٩ و ١٠ی ئوکتۆبر لانی کەم ٤ کەس بە فیشەکی راستەکی هیزە نیزامییەکان کوژران. ئەوە لە حاڵێک دایە کە لە شارەکانی دیکەی بۆ وێنە وەک تاران بە فیشەکی کائۆچۆیی رووبەرووی خۆپیشاندەران دەبنەوە. ژمارەی دەستبەسەرکراوانی خەڵکی سیڤیل زۆر گرینگە، بەڵام دەستراگەیشتن بە زانیاری ورد ئیمکانی نیە. 


راپەڕێنی خەڵکی ئێران چووەتە ناو هەفتەی چوارەم، ئەوەش بە گیان لەدەستدانی کچە کوردی ٢٢ساڵان لە تاران بە ناو ژینا ئەمینی دەستی پێکرد. بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی جێگیر لە ئۆسلۆ، تاکوو ئێستا ١٨٥ کەس بە دەست نیزامییەکان (پاسداران انقلاب) کوژراون. هەروەها بەپێی تؤڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە پاریس، زیاتر لە ٣٠ کەس لە قوربانیەکان کوردن. چەند شایەتحاڵ باس لەوە دەکەن کە نیزامییەکان کوێرانە تەقە لە خەڵک دەکەن. پیاوێک کە لە پشت ماشینەکەی دانیشتبوو تەنیا بە هۆی ئەوەی کە بۆقی بە نیشانەی ناڕەزایەتی لێداوە، دەدرێتە بەر تیری کڵاشینکۆڤ و لەجێ دەمرێ. زۆربەی ئەوە کەسانەی کە کوژراون تەنانەت بەردێکیان لە دەستدا نەبووە هەتا بەرگری لەخۆیانی پێ‌بکەن. یەکێک لە قوربانیەکان پەیمان مینبەری لاوێکی ٢٩ ساڵانە بوو کە لە حیسابی ئینستاگرامی خۆیدا بڵاوی کردبۆوە "ئەوان بە شێوەی کوێرانە تیر دەهاوێژن". 

هیچ کەس زانیاری وردی لە سەر ژمارەی بریندارەکانی شارە کوردەکان نیە، چونکوو ئەوان لە ترسی دەسبەسەریی لە چوون بۆ نەخۆشخانەکان خۆ دەبوێرن. 
ڕێژەی سەرکوت لە شاری سنە تۆقێنەرە. چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان باس لە تونێلی وەحشەت دەکەن، واتە دەسبەسەرکراوەکان لە نێوان دوو ریز لە سەرکوتکەرانەوە رەوانە دەکرێن و لە هەر دوولاوە وەبەر لێدان و کوتان دەدرێن. 

ڕۆژی دووشەممە ئەمنستی ئەنتێرناسیۆنال لهبارەی دۆخی سنە و هەڵسوکەوتی بێڕەحمانەی نیزامیان هوشداری دا. پارێزگای کوردستان رابردوویەکی مێژوویی هەیە، بۆیە ئێستاش سەری لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەرز رادەگرێ. داواکاری بۆ مانگرتن لەوێ زۆرجار بەڕێوە دەچێ، هەروەها لەوێ رادەی بایکوتی هەڵبژاردنەکان زۆر بەرزە. دانیشتوانی پارێزگاکانی کوردستان بە زۆری سوننە و پێیان وایە کە هەردەم لە ژێر هەڕەشەی هەڵاواردن و کامێرای دووچاوگیدا ژیان بەسەر دەبەن. رادەی سەرکوت لە کوردستان بەنیسبەت ناوچەکانی دیکە زۆر جیددی ترە. 

ڕێژیمی تاران نە تەنیا هیچ بەرپرسیارەتیەک بەنیسبەت مافی خۆپیشاندەران لە خۆی نیشان نادا، بەڵکوو هۆکارەکەی بۆ دوژمنی دەرەکی و لە هەموان گرینگتر بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کوردە ئێرانیەکان کە لە لە کوردستانی ئێراق جێگیرن دەگێڕیتەوە.  ئەم حیزبانە ڕابردوویەکی بەرچاویان لە خەباتی چەکداریی دژی دەسەڵاتی تاران لەخۆ نیشان داوە. 

لە ڕۆژی شەممەوە زنجیرە مانگرتنێکی کرێکاران لە کارخانە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەستی پێکردووە کە دەتوانێ بۆ ئەم دۆخە زۆر گرینگ بێت. چون ئەم چالاکیانە دەتوانن پاڵپشتێکی باش بۆ کۆبوونەوە ناڕەزایەتیە مەدەنی و سیاسییەکان بن. لە ئێران مانگرتنە گشتییەکان فاکتۆرێکی گرینگ و شوێندانەرن، هەروەک چۆن شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ و ڕووخانی دەسەڵاتی سەڵتەنەتی لێ کەوتەوە.
سەرچاوە : ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرانسە 12/10/2022