کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش حیزب و لایەنی کۆماریخواز و دێموکرات پشتیوانیان لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان کرد

23:37 - 22 رەزبەر 2722

شەش حیزب و لایەنی کۆماریخواز و دێموکرات وێڕای پشتیوانی لە خۆڕاگریی خەڵکی ئێران پشتیوانیان لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان کرد .

ئەو شەش حیزب و لایەنە باسیان ڕایانگەیاندووە لە ماوەی چەند حەوتووی رابردوو لە کوردستاندا خەڵک ڕژاوەتە سەر شەقامەکان. خەڵک بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕژانە سەر شەقامەکان و ئەو خۆپیشاندانانە زۆربەی شارەکانی کوردستانی گرتووەتەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی بۆ تۆڵەستاندنەوە لە خەڵك کاروانی نیزامی بە چەکەوە ڕەوانەی شارەکان کردووە. لە سنە شەڕێکی توند هەیە و بووەتە بە مەیدانی شەڕ. هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ساچمەیی و کڵاشینکۆف ڕاستەوخۆ تەقەی لە خەڵك دەکەن و چەندین کەس شەهید بوونە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە مەترسی ئەوە هەیە ڕێژیمی ئێران لە سنە وەک زاهیدان هەینییەکی خوێناوی دروست بکات.

ئەو شەش حیزب و لایەنە وێڕای دەستخۆشی لە خۆڕاگریی خەڵک لە هەمووی ئێراندا کردووە و داوایان کردووە کە خەڵک لە شارەکانی دیکەش دەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بکەن و پێش بە ئەگەری ڕوودانی هەر کارەساتێک لە سنە بگرن.

ئەو شەش حیزب و لایەنە بریتین لە: یەکیەتیی کۆماریخوازەکانی ئێران، جبهەی میللی ئێران ـ ئورووپا (سازمانی شەشەم)، حیزبی چەپی ئێران (فەدائیانی خەلق)، حیزبی سوسیال دێموکرات و لایکی ئێران، ڕێکخراوەکانی جبهەی میللیی ئێران لە دەرەوی وڵات، هاوپێوەندیی کۆماریخوازەکانی ئێران.