(وتووێژی ڕادیۆی گشتیی نیشتمانی دەگەڵ مێگان بۆدێت، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ئەنستیتۆی ئاشتیی کوردی)
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
وتووێژی بێژەری ڕادیۆی گشتیی نیشتمانی، ئایلسا چانگ دەگەڵ مێگان بۆدێت، بەڕێوبەری توێژینەوە لە ئەنستیتۆی ئاشتیی کوردی لەبارەی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە کوردییەکانی ئێران دوای کوژرانی ژنێکی لاو لە حەوتووی ڕابردوودا.
ئایلسا چانگ، بێژەر:
ناڕەزایەتیی سەرانسەری لە ئێران کە ئالنگاریی بۆ ڕێبەرایەتیی ئەو وڵاتە دروست کردووە پێی نایە یازدەهەمین ڕۆژ و، ناڕەزایەتییەکان مەترسیدارتر دەبن. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاسۆشییەتدپرێس، تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی ئێران دەڵێ لانیکەم ٤١ خۆپیشاندەر و ئەفسەری پۆلیس کوژراون و، زیاتر لە ١٤٠٠ کەس دەستبەسەر کراون. بەڵام، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی پێشوودا، سەلمێنراوە کە ئامارە فەرمییەکانی ڕاگەیەنراو لە لایەن سەرچاوەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە کەمتر لە ڕێگەی ڕاستەقینە بووە، بۆیە وێدەچێ خەلکێکی زۆرتر کوژراو و دەستبەسەر کرابن. ناڕەزایەتییەکان دوای سەردانی ژنێکی لاوی کورد بۆ تاران و دەستبەسەرکرانی بەهۆی لەسەرکردنی لێچکە بە شێوەی نەگونجاو، دەستیان پێکرد. ژنەکە، "مەهسا ئەمینی"، کە هەروەها بە ناوە کوردییەکەی، "ژینا ئەمینی" -ش ناسراوە، لە کاتی دەستبەسەرکراندا لە لایەن پۆلیسەوە مرد.
بۆ گفتوگۆ لەمەڕ کاریگەریی دۆخی گەلی کورد لەسەر ئەم ناڕەزایەتییانە، بانگهێشتی مێگان بۆدێتمان کردووە. ناوبراو بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ئەنستیتۆی ئاشتیی کوردی لە واشینگتۆن دی سی-یە. بەخێر بێی!
مێگان بۆدێت: سوپاس بۆ بانگهێشت کردنتان.
چانگ: وا بزانم تۆ تازە دەگەڵ چالاکێک لە ناوخۆی ئێران قسەت کردووە. دەتوانی پێمان بڵێی چیت لە ناوبراو بیست؟
بۆدێت: بەڵێ. ئێمە دەگەڵ چالاکێک لە ناوچەی کوردستانی ئێران قسەمان کرد کە، بە کورتی، باسی دۆخی دژواری ئەوێ بۆ گەلی کورد و دژوارتربوونی دۆخەکە بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی کرد. ئەوەی تا ئێستا دیتوومانە و ئەوەی ئەو پێی گوتم و ئەوەی لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا پشتڕاست کراوەتەوە، ئەوەیە کە دەیان خۆپیشاندەر کوژراون، سەدان بریندار بوون و تەنانەت ڕێژەیەکی زیاتریش بە گومانی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەر کراون. زانیاریی ئەو دواییانە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی چالاک لە ناوچە کوردییەکان، ڕێژەی دەستبەسەر کراوانی ئەو پارێزگایانە لە باکووری خۆراوای ئێران، بە تەنیا، زیاتر لە ١٠٠٠ کەسە.
چانگ: بەڵێ
بۆدێت: بۆ هەموو ئەو ئامارانە، ژمارە ڕاستەقینەکان وێدەچێ زیاتر بن. هەروەها ئەوەی پێم گوترا ئەوە بوو کە پێویستیی سەرنجی ناونەتەوەیی لە جاران زۆر زیاترە. کاتێک لە ڕابردوودا گەلی کورد چەوسێندراوەتەوە، گرینگییەکی زۆر کەمی نێودەوڵەتی بە دۆخی ئەوان لە ئێران دراوە، بەتایبەت کاتێک دەگەڵ خەباتی بەشەکانی دیکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و حەشیمەتەکانی دیکەی کورد بەراورد بکرێ.
چانگ: بەڵێ، دەمهەوێ باسی ئەوە بکەم چونکە ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە ئەمینی کورد بوو، کە تاقمێکی کەمینە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستن. دەتوانی بۆمان شی بکەیەوە کوردەکانی ئێران کێن و بەگشتی لە ئێران چیان بەسەر هاتووە؟
بۆدێت: بەڵێ، ئەوان نزیکەی ١٠ لەسەدی حەشیمەتی ئەو وڵاتە پێکدێنن، نزیکەی ٨ بۆ ١٠ میلیۆن کەسن کە زۆرینەیان لە باکووری خۆراوای ئێران دەژین و ئەوان لەلایەن دەوڵەت-نەتەوەی ئێران چەوسێندراونەوە، هەم لە سەردەمی پاشایەتیدا و هەروەها لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئەمڕۆشدا. زمانیان، کە جیاوازە، سنووردار کراوە. فەرهەنگیان سنووردار کراوە. ئەوان نزیکەی نیوەی زیندانییانی سیاسیی ئەو وڵاتە پێکدێنن، سەرەڕای ئەوە کە بەشێکی کەمی دانیشتووانی ئەو وڵاتەن. ناڕازییەکانیان تەنانەت کاتێک کە وڵاتیشیان جێهێشتووە پارێزراو نین. ئێران ڕێبەرانی کوردی لە شوێنی وەک ئورووپا تێرۆر کردووە و پارێزگا کوردییەکان بەهۆی چەوساندنەوەی ئابووری لەلایەن دەوڵەتەوە، کە ژمارەیەکی زۆر ناچار دەکات بژیوی خۆیان بە کاری کوشندە وەک ئاڵووێری بازرگانیی نایاسایی سەر سنوور دابین بکەن، لە هەژارترینەکانی وڵاتن. کەوابوو، بێجگە لە توندوتیژی و دیکتاتۆری کە هەموو شارۆمەندانی ئێران بەرەوڕووی دەبنەوە، دۆخی ئەوان تەنانەت خراپتریشە.
چانگ: بەڵێ. باشە، چ شتێکی ئەو ناڕەزایەتییانە سەرنجڕاکێشە، بەتایبەتی کە ئێمە ژمارەیەکی زۆر ژن لە سەر شەقامەکان دەبینین. دەتوانی پێمان بڵێی ئەوە چەندە گرینگە، کە ژنان بەشێوەیەکی بەربڵاو و بە ئاشکرا ناڕەزایەتی دەردەبڕن؟
بودێت: ئەوە لە ڕادەبەدەر گرینگە چونکە، دەزانی دیسان، لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی هەنووکەیی ئێراندا، ژنان بە هیچ شێوەیەک تەنیا تاقمی سەرکوتکراو نین، بەڵام ئەوان یەکەم و مەزنترین تاقمن و یاسای جلوبەرگ پۆشین کە ئەو ژنانە ناڕەزایەتی لەبارەیدا دەردەبڕن، تەنیا بەشێکی بچووک لە گیروگرفتی گەلێک مەزنترە. یاساکانی ئێران دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی لەڕادەبەدەری داوە بە پیاو و دەوڵەت بە سەر نزیکترین و کەسێتیترین لایەنی ژیانی ژنان، لە هاوسەرگیری و جیابوونەوە تا میرات و سەفەر، کار و پرسە یاساییەکان.
جێگای ئاماژەیە کە ئەوە یەکەم جار نییە ژنانی ئێرانی بەشێوەی بوێرانە دژی ئەو هەڵاواردنانە دەوێستن. بەڵام ئەوە یەکەم جارە کە ئەو داوا فێمینیستییانە، ئەو داواکارییانە بۆ یەکسانیی بنەڕەتیی ژنان، بۆتە هۆی وەها ناڕەزایەتییەکی بەردەوام لە سەرانسەری وڵات دژی تەواوەتی دیکتاتۆرییەت. چونکە سەرجەم ژنانی ئێران بەرەوڕووی سەرکوتی توند بوونەوە، داواکانیان خەڵکی لە هەموو هێڵە ئایینی و ئەتنیکییەکانی یەکگرتوو کردووە.
بەهۆی ئەوە کە نایەکسانیی زایەندی، بۆ دەوڵەت و دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی ئەوەندە بنەڕەتییە کە داوای ئازادی بۆ ژنان سروشتییە، بە بۆچوونی من داوای دێموکراسی و ئازادی لە سەرجەم ئەو شێوازانەی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ کە ژن و پیاو بە شێوەی یەکسان بە دەستیانەوە دەناڵێنن، شتێکی ئاساییە.
چانگ: دەتوانم لێتان بپرسم، هاوکاری من ستیڤ ئینسکیپ قسەی دەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر-عەبدوڵڵاهییان کردووە. ئەوان لەو دواییانەدا بە یارمەتیی ورگێڕ دەگەڵ یەکتر دواون. ئەوە ئەو شتەیە کە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران گوتوویەتی. ناوبراو لەبارەی ناڕەزایەتییەکان، بە هاوتا ڕۆژاواییەکانی دەڵێ: " من دڵنیایان دەکەمەوە کە هیچ شتێکی گرینگ لە ئێران لەئارادا نییە. هیچ ئاڵوگۆڕێکی ڕێژیم لە ئێران ڕوو نادات. من یاری بە هەست و سۆزی خەڵکی ئێران ناکەم."
چانگ: بیروڕات لەسەر ئەو لێدوانە چییە، کاتێک گوێت لە قسەکانی دەبێ کە دەڵێ ئەو ناڕەزایەتییانەی هەنووکە لەئارادان شتێکی گرینگ نییە؟
بودێت: ئێ، کاتێک گوێ لەو قسەیە دەگرم، من دیزەبەدەرخۆنە کردنی سەرکوتی هەنووکەیی دەبینم، لەمەڕ کوشتنی خۆپیشاندەران، لەبەر بریندارکردنیان، بۆ خەڵکی دەستبەسەرکراو بەگومانی بەشداری لەو جووڵانەوەدا یان لایەنگری لەو جووڵانەوەیە. ئەوان نایانهەوێ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەوانە وەک شتێکی گرینگ ببینن. ئەوان نایانهەوێ ڕاگەیاندنە گشتییەکان چاودێریی بکەن.
لە پساندنی هێلی ئینتەرنێتەوە دەردەکەوێ، ئەوان نایانهەوێ زانییارییەکان بێنە دەرەوە. یەکێک لە گرینگترین خاڵەکان کە لە خەڵکی بەشدار و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لەوێ دەمانبیست، گرینگیی ڕاگەیاندنی بەربڵاوی ئەو زانیارییە بوو، چونکە ئەوان نایانهەوێ خەڵک لێی ئاگادار بن. کەوابوو بۆ من ئەوە نیشانەی ترس لە ئەو جووڵانەوەی دێموکراسی و ئازادییە لە سەرجەم شێوازەکانی سەرکوت بە ڕێبەریی ژنانە و لەبەر ئەو هۆیەشە نابێ پاشگوێی بخەین. ئێمە دەبێ بەدواداچوونی بۆ بکەین و چاودێریی دۆخی ئەوێ بکەین.
چانگ: مێگان بۆدێت، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ئەنستیتۆی ئاشتیی کوردی، سوپاس بۆ بەشداریتان لە بەرنامەی ئێمەدا.
بودێت: سوپاس بۆ ئێوە.