کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا: ڕێژیمی ئێران دەبێ بە زووترین ‌کات کۆتایی بە سەرکوتی خۆپێشاندەران بهێنێ

10:47 - 23 رەزبەر 2722

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، داوای کرد کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بە زووترین‌ کات کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران بهێنێ.

ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە کە وتووێژی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران کردووە و داوای کردووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلام دەبێ بە زووترین کات کۆتایی بە سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بهێننن و وتی: یەکیەتیی ئورووپا پشتیوانی لە شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران دەکا و پێویستە مافە سەرەتاییەکانیان پێ بدرێ و بەڵام کۆماری ئیسلامی دان بە مافی سەرەتایی خەڵک ‌دانێ.

بۆرێل لە کاتێکدا ئەو تویتێرەی بڵاوی کردووەتەوە کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتووێژی کردووە، بڕیارە وەزارەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو گەمارۆی نوێی مافی مرۆڤی بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بسەپێنێ و پێشتریش ئەندامانی پارلمانی ئورووپا لەو بارەیەوە لەسەر ئەو بڕیارە کە گەمارۆی نوێ بخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران ڕێککەوتوون.