کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای پشتیوانیی پارتی دێموکراتی مەسیحیی ئاڵمان لە پارلمانی ئەو وڵاتە بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران

11:53 - 23 رەزبەر 2722

فراكسیۆنی پارتی دێموكراتی مەسیحیی ئاڵمان، گەڵاڵەیەكی پازدە مادەیی بە پارلمانی ئەو وڵاتە داوە و داوای پشتیوانیی بە پەلەی بۆ خەڵكی ڕاپەڕیوی ئێران کردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فراکسیۆنی پارتی دێموکراتی مەسیحیی ئاڵمان، لە گەڵاڵەیەکدا داوای لە پارلمانی ئاڵمان کرد کە بە پەلە پشتیوانیی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی و ئێران و کوردستان بکەن.

 داواكاریی ئەو فراكسیۆنە بۆ پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئۆپۆزیسیۆنی دێموكراتی ئێران و بە تایبەتی ئۆپۆزیسیۆنی کوردەکانە و لە پێناو پشتیوانی بێ ئەملاوئەولا لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، جەخت لەسەر داواکارییەک دەکاتەوە.

پارتی دێموکراتی مەسیحییەکانی ئاڵمان، داوای لە حکوومەتی فێدراڵ کردووە کە داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک لە شورای تایبەتی یەکیەتیی ئورووپا لەسەر بارودۆخی ئێران و هەڵسەنگاندنی "چەندایەتی و چۆنایەتیـ"ـی پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی خەڵکی ئێران بکات. بۆ نموونە دەستپێڕاگەیشتنی خەڵک بە تەلەفوونی کۆد پێدراو، ئینتێرنێت و پێوەندییەکانی مانگی دەستکرد.

هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراتیکی ئێران و بە تایبەتی کوردەکان پێویستە کە پشتیوانی بکرێن و ئەو میدیایانە کە بە زمانی فارسی ڕووماڵیان هەیە پێویستە پەرەیان پێ بدرێ.

داواکارییەکانی دیکەش بەربڵاوترکردنی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا لەسەر هەموو ئەو کەسانەیه کە دەستیان لە سەرکوتی خەڵكی ناڕازی هەیە یان بە شێوەیەک بەشداری بوونه.

هەروەها داوای کردووە کە هاتنی ئەندامی سپای پاسداران بۆ ئورووپا قەدەغە بکرێ.