کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمەیلی بەڕێوەبەران و پێرسۆنێلی "پرێس تی ڤی" هەک کرا

12:27 - 23 رەزبەر 2722

شەوی هەینی ٢٢ی ڕەزبەر ئیمەیلی بەڕێوەبەران و پێرسۆنێلی کاناڵی "پرێس تی ڤی" سەر بە دەنگوڕەنگی ڕێژیم لەلایەن گرووپی هەکێریی "بلەک ڕیوارد" هەک کرا.

ئەو گرووپە لە ئیمەیلێکدا کە بۆ ڕۆژنامەوانانی ئەو کاناڵەی ناردووە سەرەڕای ئەوەیکە ئاماژەی بە ڕاپەڕینی خەڵک کردووە کە بۆ وەرگرتنی سەرەتاییترین مافی خۆیان ڕژاونەتە سەر شەقام بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەوە سەرکوت دەکرێن داوای لێ کردوون کە دەنگی خەڵک بن.

ئەو گرووپە حەوتووی ڕابردووش لەگەڵ گرووپی هەکێریی "تەپەندێگان" بە هەککردنی سیستمەکانی ناردنی کورتە پەیام بۆ تەلەفوونی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان، داوایان لە خەڵک کردبوو کە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکاندا بەشداری بکەن.

دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران و کاناڵەکانی سەر بە ڕێژیم لە کاتی دەستپێکی ڕاپەڕینی هاووڵاتییان لە ئێران و کوردستاندا ئەوە بۆ چەندەمین جارە کە بە هێرشی سایبێری دەکرێتە ئامانج.