کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دروشمی "ژن ژیان ئازادی" لە زانکۆکانی کوردستان و ئێران بەرز و بەرزتر دەبێتەوە

18:01 - 23 رەزبەر 2722

دوای تێپەڕینی زیاتر ٢٩ ڕۆژ، خۆپیشاندانی چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک و یەک لەوانە توێژی خوێندکاری زانکۆ و قوتابخانەکان هەروا بەردەوامە.

خوێندکاران و قوتابییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر لە چالاکییەکانیان دژ بە ڕێژیمی زاڵ و سەرکوتکار لە ئێراندا بە دروشمی ناسراوی "ژن ژیان ئازادی" بەردەوامن.

وێڕای ڕۆژانی ڕابردوو ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی خۆپیشاندانی خوێندکاران لە شارەکانی تاران، ڕەشت، کەرەج، ئیسفەهان و قوتابییان لە شاری سنە و زۆربەی شوێنەکانی دیکە بەردەوام بوو.

لە زانکۆی تاران، خوێندکاران دروشمی ژن ژیان ئازادییان بەرز کردەوە و لە زانکۆی "فەننی موهەندسی" و "هونەر"خوێندکارانی ناڕازی دەرگای کلاسەکانیان بە نیشانەی ڕژانی خوێنی زۆر سوور هەڵگێڕا و سەبارەت بە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان ناڕەزایەتییان نیشان دا. 

هەروەها کۆمەڵێکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆی "ئازاد"ی شاری ڕەشت، هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان نیشان دا. لە ئیسفەهان خوێندکارانی زانکۆی "هونەر"ی ئەو شارە لەنێو زانکۆدا دەستیان کرد بە خۆپیشاندان بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی سەر شەقامەکان.

هەروەها خوێندکارانی زانکۆی "شەریعەتی" و "زانست و سەنعەت"ی شاری تاران بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی داخداری شارەکانی سنە و زاهیدان و قوربانیانی ئەو شارانە لە زانکۆ دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و دروشمی تایبەتیان بەرز کردەوە.

وێڕای ئەوە قوتابییانی زۆرێک لە قوتابخانەکان لە شاری سنە ئەمڕۆ شەممە ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی ژن ژیان ئازادییان بەرز کردەوە و بەو شێوەیە ناڕەزایەتی خۆیان نیشان دا.

لە قوتابخانەی دواناوەندی کچانەی "شاهد" لە شاری ئەردەبیل هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر قوتابییانی کچی ئەو قوتابخانەیە کە خەریکی دەربڕینی ناڕەزایەتی بوون و بە توندترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ قوتابییان کرد. 

تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ کەس لە خوێندکاران لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران دەسبەسەر کراون و چارەنووسی زۆرێکیان ناڕوونە.