ئەلبورز ڕۆیینتەن
یەکەم، چەندە تراژیکە تا ئێستاش بەشێکی بەرچاوی میدیا و ناوەند و ڕای گشتی بە دوای هەواڵی پزیشکی دادی کۆماری ئیسلامی و لێدوانی سەرۆک کۆماری ئێران رەیسیە بۆ ئەوەی درۆیەکی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بکات. پزیشکی دادێک کە لەژێر دەستی کۆماری ئیسلامی بێ کەی بۆ باوەڕکردن دەبێ هەتا چاوەڕێی وەڵامی بکەی یا وەڵامەکەی جێگای گەنگەشە بێت. ئەوە هەر داماننا کە گوتی پولیسی ئەمر بە مەعروف خەتابارە و سزا دەدرێن، ئایا ئێوە باوەڕ دەکەن، داماننا سزاشیان دا، ئەی وەڵامی پزیشکی دادی بۆ سەدان شەهیدی گولەی ڕاستەوخۆ، بۆ هەزاران برینداری چەکی جۆربەجۆر، بۆ هەزاران هەزار دەستبەسەرکراو و لێدان و ئەشکەنجە دەبێ چی بێت.
ژینا سیمبولێک بوو بۆ ئەوەی کورد و گەلانی بندەستی ئێران هاواری نەمانی ڕێژیمێک بەرز بکەنەوە کە بە هەموو شێوەیەکی مومکین ستەم دەکات ئی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، لەو ڕۆژەی هاتۆتە سەر کار خەڵک سەرکوت دەکات دەچەوسێنتەوە لەنێو دەبات. لەوە هەزەلیتر و تراژیک و کۆمیکتر دەبێ چی بێ کە چاوەڕوانی لە سەرۆککۆمارێک کە خۆی بە ڕۆژی ڕووناک تاوانبارە بە کوشتنی هەزاران کەس بکەین تا بە تەلەفون دڵنەوایی لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی کردووە و گوتوویەتی بەدواداچوون دەکەین. شۆڕش ئیتر لەو قوناغانە دەرباز بووە، قوناغی ئێستای شۆڕش دەڵێ هەر چی سیستەمی کۆماری ئیسلامیە خەتابارە ستەم دەکات، درۆ دەکات، دەبێ نەمێنێ.
لەوە تراژیکتر دانانی ویدیوی ئەندام بەناو پاڕڵەمانی ئێرانە کە گۆیا ڕەخنەی لە ڕێژیم گرتووە. نەناسینی ڕێژیم تا ئەو ڕادەیە تراژێدیە، چونکە ڕێژیم لە تەواویەتی خۆیدا وەک سیستەم بە هەموو دام و دەزگاکانیەوە دژەگەلە و بنەمای ئەو سیستەمەش لە سەر دژایەتی گەلدایە و ئەوانەی دەبنە بەشێک لەو سیستەمەش لە بەرەی دژی گەلدان.
هەر لە سەر مەسەلەی ژینا ئایا ئێوە دەزانن کە هەر ئەو بەناو مەجلیسە لە کاتێک ئەو هەموو قەیرانە ئابوورییە هەیە، لەکاتێکدا لە کاتی هەڵبژاردنەکان خەڵکی بۆ سەر سندوق دەبەن بۆ ئەوەی بڵێین ئەوە بۆ مەبەستی خزمەتگوزاری دەچنە تاران، بودجەی "ستاد امر بە معروف و نهی از منکر" بۆ ساڵی ١٤٠١ بۆ دو بەرابەر لە ڕێژەی ئەو بودجەی کە ئەو ستادە بۆ خۆی داوای کردوە بەرز کردۆتەوە، "سید محمد صالح هاشمی گلپایگانی" بەرپرسی ئەو ستادە لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەوانان دەڵێ: "دەوڵەت، بودجەی ١٤٠١ی ئێمەی بە ٥٨٠ میلیارد ڕیال پێشکەش بە مەجلیس کرد، مەجلیسیش ئەو بودجەی بۆ ئەو ساڵ بۆ ١١٨٠ میلیارد ڕیاڵ زیاد کرد."
کەس لەوانەی کە لیباسی کوردی لەبەر دەکەن، یا لافی چاکسازیخوازی لێ دەدەن، یا لە مەجلیسی ئێرانێ بە ملیۆنان پارە و ڕانت وەردەگرن ناڕەزایەتی لە سەر بودجەی ئەو ستادە دواکەوتووە مرۆڤکوژە نیشان نەداوە و تەنانەت بۆ دوو بەرابەریشی زیاد کردووە.
لەوە تراژێدیتر دەبێ چی خەڵک چاوەڕوانیەتی ئەوە دەکات کە ئەوانە بێنە بەرەی خەڵک. یا ئەگەر ڕەخنەیەکی گرت ئەوە بۆ خەڵک کردوویەتی و سناریۆ نییە.
چاوەڕوانی لە ئەرتەش کە پشتیوانی لە خۆپێشاندەران بکات یەکێکی دیکە لەو حاڵەتە تراژێدیانەیە کە ڕۆژەڤی شۆڕشی بە خۆیە مەشغوڵ دەکات، پێویستە ئەو ڕاستییە بزانین کە ئەرتەش، ئەرتەشی سەردەمی شا نییە کە بەرپرسانی باڵای وێڕای وەفایان بۆ شا تا ڕادەیەکیش خاوەن سەربەخۆی خۆیان بن، بەڵکوو بتوانن ئەوەی پشتیان لە شاپوڕ بەختیار کرد دووبارە بکەنەوە، ئەرتەشی ئێستا زۆر لە سپای پاسدارن سپاهیترە، هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە کە کۆماری ئیسڵامی هاتۆتە سەرکار یەکێک لە کارەکانی تەسفیە و هێنانە سەری کەسانێکە کە زیادتر لە ڕێژیمیش وەفادار بە "بیت رهبری"ین، ئەوانە نەک ناچنە بەرەی خەڵک بەڵکوو ئەگەر بشیانەوێ ناتوانن، تەنیا ئەگەر لە دوایین قوناغەکانی سەرکەوتنی شۆڕش ئەویش بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان، ئەگەر نا تەنانەت بیانەوێش ناتوانن، لە هەموو ئیدارەیەکی حکوومی ڕێژیم جیا لە ئیدارە، ناوەندێک چاودێری بە سەر ئیدارەوە دەکا کە بە "حراست" دەناسرێ، ئەو ناوەندە چاودێرە کاری چاودێری بە سەر کاری کەسانێکە کە وەفاداریان بۆ ڕێژیم سەلمێنراوە، تەنانەت ئەوانیش لەژێر چاودێری دان، بۆیە ڕێژیم هەر زوو تەنانەت بە تەسفیەکردنی بەشێک لەوانەی بە "فرزندان انقلاب" دەناسرێن هەوڵی داوە ئەو مەترسییانە کەم بکاتەوە، چاوەڕوانی لە ئەرتەش واتە چاوەڕوانی لە خامنەیی هەر دووکیان بە یەک ڕێژە بێهوودەن.
تەنیا هێزێک کە دەتوانێ پشتی پێ ببەسترێ، هێزی خەڵک و شۆڕشگێڕانە، ئەو هێزە ئەوەندە بەهێزە کە بتوانێ ڕێژیم تێک بشکێنێ، بۆیە دەبێ هەموومان ئەو هێزە بەرجەستە بکەین و بەهێز بکەین، ئەگەر نا چاوەڕوانی لە بەشە جیاوازەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامی لانیکەم لەو قوناغە و تەنانەت قوناغەکانی دواتریش بێهوودەیە، تەنیا کاتێک کە شۆڕش لە سەرکەوتن ئیتر زۆر نزیک بێت بەشێک لەوانەش تەنیا بۆ پاراستن و بەرژەوەندیی خۆیان ئەگەر هەڵسوکەوتی جیاواز نیشان بدەن.
پێم وایە دوای ئەو هەموو ستەمە ئیدی دەبێ زیاتر لە هەموو جارێک کۆی سیستەم بە چەپ و ڕاستی و سەر تا پای بکرێتە ئامانجی خەڵک، بە خۆشییەوە ئەوە لەنێو خەڵکی ڕاپەڕیوش دەبینرێت ،بەڵام لە ڕۆژەڤی میدیا و هی دیکە بە تەواوی جێ نەکەوتووە.