کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەسیدە شیعری "بەرەژان"

00:22 - 24 رەزبەر 2722

ئاکۆ ئەلیاسی
 

بەرەژانە بەرەژان!

من ئەو دەنگە ڕاچەنیوەی

سەر شەقامم!

لە گەروومدا،

تەقینەوەی دەنگی تۆڵەم

من ڕووباری خوێن و زامم.

لە پەنگاوی قین و نەفرەت،

باهۆز باهۆز، گەردەلوولێك وەڕێ دەخەم

تا تێکەڵبوون بە زریان و بە ڕەشەبا

تازە ئیدی هەستاوم لە خەوی پەستی

هیچ بەنداوێ نامگرێتەوە،

من تووڕەیی ئەو شەپۆلەم

کە هیچ هێزێک ڕام ناگرێ

تا سەندنی خوێنی ڕۆڵەم

تا دوا ترۆپکی ڕزگاریی گەل،

بەچێژی خۆشی سەربەستی!

 

بەرەژانە بەرەژان!

ئێستا وەکوو کڵپە و پەنگر،

لەنێو جەرگەی بوێریدا

باڵابەرز و گەشی گەشم،

من نەمامی پەلکەتیشکم

لە باوەڕمدا چاندووە،

لەنێو دڵی ڕەشی شەوا

تەدارەکی بێکۆتاییم لە هەڵچووندا،

بە ڕووباری خوێنی گەشم

لە تاریکستانی ئێران

لە هەرێمی شەمشەمەکوێرەی سەردەمدا،

لە وڵاتی دیلی دەستی ڕیش و شاقەل

لە وڵاتی کۆتکراوی ژێر مەندیلی مەکر و عەبا،

لە ناخی گەل،

ڕقی پیرۆز خرۆشاوە، بۆتە بورکان!

 

بەرەژانە بەرەژان!

ئێستا ئیدی

هەر شەپۆلی کازیوەیە و

هەر دەستڕێژی ڕووناکییە و

هەر تریفەی پرچی ژنە و

هەر نوقڵانەی پێکەنینی سەر لێوانە

چنگ دەنێنە گەرووی پرسەی خەم و تەمی بیری  شەوە،

لە تاریکستانی ئێران،

بەرەژانە بەرەژانم!

 

من کۆڵانم، من شەقامم،

من هاوار و خرۆشانی ئەو بورکانەم

بە ڕۆژ و شەو،

گۆپکە گۆپکە، چرۆ ئەڕوێن لەسەر زامم!

من ئێستاکە

وەک ئاوی سەر ئاگردانم

ئاگرێک کە،

ناخی ڕەشی شەو ئەشواتۆ

لەنێو پیشانەوەی سەبری چەپۆکانم

پڕم لە دەرد، پرم لە ژان

قوڵ قوڵ دەکوڵێم

تا سەر ئێسقان!

 

ئێستا قەڵەم

لەسەر توێڵی شێعری تۆڵە

سەنگەرێک هەڵدەقەنێ

لە وردە وشە لە نارنجۆک،

ئێستا پەیڤم

پردی نێوان خوێن و زامە

گەر تەور و داس

لە ئاسمانی مەلا و ئاخوند،

لە هەناوی بۆنکردوویی "قوم"

بە بای ژەهریش بێنە خوارێ،

تازە ئیدی

هەتا مەرگی ئاخوندیزم

نە دارستان ملکەچ ئەبێ و دێتە سەرچۆک

نە چۆڵ دەبن ئەو کۆڵان و سەر شەقامە!

 

"زوڵم،

لە ئەستووریی خۆی دەپچڕێ"،

ئێستا هەور بێزوو بە بەهارۆ ئەکا،

 ئاوسە بە تەقینەوە،

گرم گرم... گرم گرم ....

بە قەراخی قڵپ‌بوونەوە

تێک‌دەقرمێ کۆشکی زاڵم

قرم قرم ... قرم قرم...

 

ئارام ئارام دەلەرێ گوێ بە دەنگی پێی

بەهار بەسەر ڕۆحی بەستووی شەختەڕێدا،

بە سەرچۆپیی بارانەوە

لە قوڵپەی خوێن،

لە پێکەنین غەرقن خونچە

بە لاجانگی گۆپکە زامان

بە خەونی سووری گوڵاڵە،

بە تاسەی وەرزی پشکووتن!

 

بە لێواری چاوەڕوانیی عومرێک لە خوێن

ئاوسە شەو،

هەر شەپۆلی کازیوەیە

بە قەراخی ڕووباری پڕ لە ڕووناکی

بە شڵپ و هوڕ،

وێکڕا دەجمێن.

هەستانەوەی هەورەتریشقە،

لە بزیسکەی پەنگخواردووی سەر

چەخماخەیەک

بە دەنگی تەقینەوەی ڕق،

بە نێو سەدەی کڕکەوتوویی،

ئەسڕێنەوە خەم و کەسەر

بازنەی زەمان تێکدەشکێنێ!

بە مزگێنیی نوقڵانەوە،

لە پێتەختی تاریکییدا

ڕۆژ میوانە،

خۆر تاجی تیشک دەنێتە سەر!

 

بەرەژانە بەرەژان!

تا گەیشتن بە شانشینی ئازادیی

ئێستا خوێن پێشەنگی ڕێیە،

لە تاریکستانی ئێران!

بەرەژانە بەرەژان!