کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: جینایەتی زیندانی ئیڤین بێ‌وەڵام نامێنێتەوە

10:32 - 24 رەزبەر 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ئاگرتێبەردانی زیندانی ئیڤین ڕایگەیاند خەڵکی ئازادیخوازی ئێران دەستدرێژیی ڕووهەڵماڵاوانەی ڕێژیم بۆ سەر گیانی زیندانییانی سیاسی و ڕۆڵەکانیان بێ‌وەڵام ناهێڵنەوە.

دەقی بەیاننامەکە:

ئەمشەو زیندانی ئیڤین‌یان ئاگر تێبەردا. ئەوە دووپاتبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٦٧ و بەردەوامیی جینایەت، منداڵ‌ئازاری و کوشتوبڕەکانیان لە زانکۆ و قوتابخانەکانە.

ئێمە وێڕای مەحکووم‌کردنی ئەو جینایەتە هیچ شک و گومانێکمان نییە کە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە لێبڕاوییەوە دەستدرێژیی ڕووهەڵماڵاوانەی ڕێژیم بۆ سەر گیانی زیندانییانی سیاسی و ڕۆڵە بوێرەکانیان بێ‌وەڵام ناهێڵنەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران چاوەڕوانیی ئەوەی هەیە لە بڕیارێکی هاومەبەست و یەکخەر لەپێناو "مانگرتنی سەرانسەری"دا هەنگاو هەڵێنینەوە و هەموو هێزە سیاسی، مەدەنی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان هاوهەنگاوی لەگەڵ خەڵکی ئێران ئیرادە و تووڕەیی خۆیان دژی کۆماری ئیسلامی پێشان بدەن. ئێمە لەجێدا ئامادەیی خۆمان بۆ ئەو هاوپێوەندییە سەرانسەرییە دەردەبڕین و هیوادارین کە یەکدەنگ و یەکگر بەگژ کۆماری ئیسلامی و جینایەتەکانیدا بچینەوە.

بە مانگرتنی سەراسەری و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان شوورەی زیندانەکان دەڕمێن و تێک‌دەڕووخێن. بەرپرسایەتیی گیانی یەک بە یەکی زیندانییانی سیاسی لەئەستۆی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییە. لەو پێوەندییەدا داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان دەکەین لە هەمبەر ئەو کارەساتەدا بێدەنگ نەبن و بۆ داکۆکی لە زیندانییەکان و خەڵکی بەندکراوی ئێران هەنگاوی بەکردەوە هەڵێننەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠١