کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: وڵاتانی دێموکراتیک با لەگەڵ کورد بکەونە دیالۆگ و یارمەتیی حیزبە کوردییەکان بکەن

10:40 - 24 رەزبەر 2722

(وتووێژی ڕۆژنامه‌ی "لا ریپۆبلیكا"ی ئیتالی له‌گه‌ڵ مسته‌فا هیجری، به‌رپرسی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ریی حیزبی دێموكرات)

مه‌هسا ئه‌مینی كچه‌ كوردێك بوو كه‌ به‌ده‌ستی پۆلیسی گەشتی ئێرشاد، له‌به‌ر ئه‌و شته‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێن حیجابی ناته‌واو، كوژرا. به‌ نیشانەی ناڕه‌زایەتی به‌و ڕووداوە خه‌ڵك ده‌نگیان هه‌ڵبڕی و ناڕه‌زایه‌تییەكان سه‌رتاسه‌ری ئێرانیان گرته‌وه‌. ده‌توانن پێمان بڵێن كه‌ چی ڕووی داوه‌؟

لە تەواوی ئەو ساڵانەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دەسەڵات گەیشتووە، ڕۆژ بە ڕۆژ زەخت و زۆری لەسەر خەڵک زیاتر کردووە و ئازادییەکانی بەرتەسک کردووەتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئاستی بێکاری و بێ‌داهاتی لە سەرانسەری ئێران بەتایبەت لە کوردستان و ئەو ناوچانەی کە دانیشتووانەکەی غەیری فارسن وەک ناوچە عەرەب‌نشینەکان، تورکمەن‌نشینەکان، بەلووچ‌نشینەکان و ... خزمەتگوزاریی وەک خوێندن و تەندرووستی بەتایبەت لەو ناوچانە زۆر سنووردارە. سیاسەتی هەڵەی ئەو حکوومەتە ژینگەی وێران کردووە، کەم‌ئاوی بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە خەڵکی گوندەکان کە جووتیار و ئاژەڵدارن بەرەو شارەکان بار دەکەن و بەم شێوە ڕۆژ بە ڕۆژ بە ژمارەی بێکاران زیاد دەبێ. لە بەرانبەردا ئەو تاقمەی کە لە ئاستی سەرووی حکوومەتن، هێزە سەرکوتکەرەکان وەک هێزەکانی ئیتلاعات، هێزە ئینتزامییەکان و سپای پاسداران ساڵ بە ساڵ بوودجە و مووچەیان زیاد دەکرێ. ناوەندە ئایینییەکان کە هەموویان بەشێوەی ڕاستەوخۆ دەستنیشانکراوی حکوومەتن و کاریان پەسندوێژی ئەو ڕێژیمەیە، بەشی زۆری داهاتی ئێرانیان بۆ دابین کراوە. بێجگە لەوانە هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم وەک حیزبوڵڵای لوبنان، حەشدی شەعبی لە عێراق و زۆر گرووپ و دەستەی تێرۆریستی، چەک، خواردن، پەروەردەکردنیان بەگشتی و هەموو شتێکیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دابین دەبێت. گەندەڵیی بێ‌سنوور لەنێو بەرپرسانی حکوومەت لە حیساب نایەت.

خەڵکی ئێران زیاتر لە ٤ دەیەیە ڕۆژانە ئەو جیاوازیدانانە گەورەیە دەبینن بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ناڕەزایەتییانە کۆ بوونەتەوە سەر یەک و لە هەر مەجالێکدا کە بۆیان بڕەخسێ ئەو ناڕەزایەتییانە دەردەبڕن. ئەم جاری دوایییەش کچە کوردێک بە ناوی ژینا (مەهسا) ئەمینی کە بە سەفەر لە تاران بوو، بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد تەنیا بە تاوانی! ئەوەی لە پۆشینی سەرپۆشەکەی ڕەخنەیان هەبوو، لە گرتنگەدا لێیان دا و کوشتیان. خەڵک چیی دیکە بۆی قبووڵ نەکرا و لەپێشدا لە کوردستان و دوایی لە هەموو ئێران بەدژی ڕێژیم ڕاپەڕین کە تا ئێستا بۆ ماوەی ٢٣ ڕۆژە بەردەوامە. هەرچەند کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی لێ کوشتوون، دەسبەسەری کردوون و بە سەدان کەس بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان برینداربوون بەڵام بەو حاڵەش هەر بەردەوامە.

خۆپیشاندانی ئه‌مجاره‌ بە بەراورد لەگەڵ ناڕه‌زایەتییه‌كانی ساڵی ١٣٩٨، زۆرتر ڕه‌نگی سیاسیی پێوه‌ دیاره. لە ساڵی ١٣٩٨دا زۆرتر داواکاری و هۆكاره‌كه‌ ئابووری بوو، بەلام ئێستا خه‌ڵك له‌سه‌ر شه‌قام داوای ئازادی و دێموكراسی و گۆڕینی ڕێژیم ده‌كه‌ن. ڕای ئێوه‌ چییه‌؟

کاتێک خەڵک لەوە حاڵی‌بوون کە ئەو ڕێژیمە هیچ گرینگییەکیان پێ نادا و هیچ کرانەوەیەک لەگەڵ ئیدئۆلۆژییەکەی ئەوان ناگونجێ، ئەوجار دروشمەکان لە ڕاستای ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمەیە. ئەوان داوای وەلانانی دیکتاتور (خامنەیی) و جێگیربوونی دێموکراسی دەکەن.

جیاوازیی ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵک لەگەل ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ڕابردوو ئەوەیە کە گشتگیر و یەکپارچەیە، دینامیزمی ڕاپەڕینەکە قوتابیی مەدرەسەکان، خوێندکارانی زانکۆکان و مامۆستایانن، خەڵکی دیکەش هەموو پشتیوانییانن. بێجگە لەوە پشتیوانییەکی بێ‌وێنەش لەلایەن دەوڵەتەکان، پارلەمانەکان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە درێژەی هەیە. من لەو باوەڕەدام کە ئەمجارە ڕاپەڕین بەردەوامتر دەبێ. ئەگەریش ڕێژیم بە سەرکوتی توندوتیژتر بتوانێ کۆتایی بە ڕاپەڕینەکە بێنێ، لە ماوەیەکی نزیکدا دووبارە سەر هەڵدەداتەوە، چونکە خەڵک ئێستا ترسی لە ڕێژیم شکاوە.

ژنان و لاوان ڕێبەریی ڕاپه‌ڕینه‌كە‌ به‌شێوه‌یه‌كی بوێرانه‌ و به‌ قبووڵكردنی هه‌موو نرخه‌كانی ده‌كه‌ن. تا ئێستا به‌پێی زانیارییەکانی ئێوه،‌ چه‌ند كه‌س به‌ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی ڕێژیم كوژراون و بریندار بوون‌؟

 تا ئەم ڕێکەوتە، بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زۆرتر لە ٨٥ کەس کوژراون* و هەزاران کەسیش بریندار بوون. بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی پاوانخوازانە و دڕندانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەوڵەکانی بۆ پەردەپۆشکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، دەسکەوتنی ئاماری باوەڕپێکراو زەحمەتە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی کە کوژراون، برینداربوون و دەستبەسەر کراون زۆر لەوە زیاترە.

وا دەردەکەوێ کە ڕاپه‌ڕینی نوێی ئێران هه‌موو شاره‌كان،‌ گونده‌كان و چین و توێژەکان له‌ خوێندكاره‌وه‌ تاكوو كرێكار و هه‌موو ئێتنیكه‌كانی ئێرانی گرتووه‌ته‌وه‌. ئێوە ده‌توانن له‌و باره‌وه‌ هه‌ندێ بۆمان بدوێن؟

بەڕاستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە و باوەڕ و تەمەن و ڕەگەز لە ڕاپەڕینەکەدا بەشێوەی چالاکانە بەشدارن. ژنان لە پێشەنگی ڕاپەڕینەکەدان. جگە لەوەش ئەوەی کە بێ‌وێنەیە ئەوەیە کە سەرباری ئەوەی ڕێژیمی ئیسلامی سیاسەتێکی بەئەنقەست بۆ هاندانی دوژمنایەتیی لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە بۆ پێشگرتن لە پێکهێنانی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتووی وڵات پەیڕەو کردووە، بەڵام هاودەنگییەک لەنێوان فارس، کورد و تورکی ئازەری سەر هەڵدەدات. بۆ وێنە لە تاران و تەورێز، فارس و تورکە ئازەرییەکان دروشمیان بۆ پشتیوانی لە بەرخودانی گەلی کورد لەدژی ڕێژیم بەرز کردووەتەوە. کاتێک "بزووتنەوەی سەوز" لە ساڵی ٢٠٠٩دا سەری هەڵدا، تەنیا لە چەند شارێکی گەورەدا قەتیس مایەوە. سەرانی "بزووتنەوەی سەوز" تەنیا لە بەرانبەر بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد وەک سەرۆک‌کۆمار ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەمجارەیان خەڵکی ئێران یەکگرتووانە داوای کۆتایی‌هێنان بە پێشێل‌کردنی مافی ژنان و کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران دەکەن. هەروەها لە خەبات بۆ ئازادی و سێکۆلاریزم و دیموکراسیدا یەکگرتوون، هەر بۆیە ئێمە شاهیدی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی بەربڵاو لە سەرانسەری ئێرانداین.

له‌ ڕۆژاوای وڵات له‌و شوێنانه‌ی کە نەتەوەی کوردیان تێدایە چی ڕوو ده‌دا؟ بیستوومانه‌ كه‌ هێزه‌كانی ڕێژیم له‌ هه‌ندێ شار به‌ته‌واوی كشاونه‌ته‌وه‌، ئێوه‌ ده‌توانن له‌وباره‌وه‌ هه‌ندێ زانیاریمان پێ بده‌ن؟

بەڵێ شوێنی ژیانی کوردەکان لە چوار پارێزگای باکووری ڕۆژاوا هەڵکەوتووە. حیزبەکانی کوردستان بەهۆی ئەوەی لە هەموو ئەو ماوەدا بە نهێنی لەنێو خەڵکدا بوون، بە هەموو شێوەیەک تەنانەت لە شێوازی خەباتی پێشمەرگانەدا لە خەبات دژی ڕێژیم بەردەوام بوون و توانیویانە خەڵکەکەی خۆیان زۆر باش ڕێک بخەن و جێگای متمانەی خەڵکەکەیانن. دەستپێکی ئەو ڕاپەڕینە لەسەر داوای ئەو حیزبانە لە کوردستان دەستی پێ ‌کرد و هەموو ئێرانی گرتەوە. هەربۆیەش کوردەکان بەشێوەی ڕێژەیی زیاترین کوژراو، بریندار و زیندانییان هەیە. لەنێو ئەو حیزبانەشدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زیاتر لە ٧٧ ساڵە بۆ ئازادیی خەڵکەکەی لە خەبات دژی ڕێژیمەکانی تاراندایە و دەوری سەرەکیی لەو ڕاپەڕینەی کوردستان هەبووە. بەڵام تا ئێستا هێزەکانی ڕێژیم لە هیچکام لە شارەکان پاشەکشەیان نەکردووە، بەڵکوو هێزی زیاتریان هێناوە بۆ کوردستان.

پێتان وایه‌ كه‌ ڕێژیمی مه‌زهه‌بی و دیكتاتۆریی ئایه‌توڵڵاكان له‌ كۆتاییدا بڕووخێ؟

من پێم وایە ئەو ڕێژیمە بۆ درێژمەودا ناتوانێ لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، چونکە ڕێژیم بێجگە لە ڕاپەڕینی خەڵک، لە باری ئابووریشەوە لە دۆخێکی زۆر دژوار دایە، لەنێو هێزەکانیشیدا ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزایەتی دێتە پێش و لەسەر کوشتن و برینداربوونی خەڵک گومانیان لێ پەیدا بووە، گەمارۆکانی سەر حکوومەتیش لەو بارەوە شوێندانەر بوون. لەنێو خەڵکی دنیا و کۆڕوکۆمەڵی نێودەوڵەتیشدا بێزراوە، بەتایبەت کە ئیدئولوژیی یەکەی ڕێگای هیچ چەشنە کرانەوە و گوێگرتن بە داخوازیی خەڵک نادا، بۆیە بێجگە لە هەڵوەشانەوە و لەنێوچوون ڕێگایەکی دیکەی نییە. بەڵام ڕەنگە ئەو ڕەوتە تا ڕووخانی ماوەیەک بکێشێ.

دووره‌دیمه‌ن و ڕوانگه‌ت بۆ داهاتووی ئێران چییه‌؟

دوورەدیمەنی ئێمە بۆ داهاتووی ئێران، سیستمێکی سێکۆلاری، دێموکراتیک و فێدێراڵییە، کە تێیدا سەروەریی یاسا پارێزراو بێت و پێکهاتە نەتەوەییە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە چوارچێوەی ناوچەکانی خۆیاندا مافی خۆبەڕێوەبەرییان هەبێت. له‌ ڕووی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌وه‌ پێمان‌وایه‌ ئێران ده‌بێت له‌گه‌ڵ دراوسێكانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ئاشتیی هەبێت و پێوه‌ندیی بونیاتنه‌ری له‌گه‌ڵ دێموكراسییه‌كانی جیهان و به‌تایبه‌تی دێموكراسیی ڕۆژئاوادا هه‌بێت. بۆ بەدیهێنانی ئەمە، ئێران پێویستیی بە ئاشتی لە نێوخۆیدا هەیە. بەبێ ئازادی، سێکۆلاریزم، دێموکراسی و سیستەمێکی فیدراڵی کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی ئێران بێت، ناتوانرێت ئاشتی لە نێوخۆ یان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەست بهێنرێت، چ بگات بە پێوەندیی بونیاتنەر لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا – کە کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە دوژمنایەتیان دەکات.

پێت وایه‌ كه‌ وڵاته‌ دێموكراتیكه‌كان، بۆ پشتیوانی لە خۆپیشانده‌ران و ڕاپه‌ڕینەکان له‌ ئێران ده‌توانن چی بكه‌ن؟

  وڵاتانی دێموکراتیک لە ئێستادا دەتوانن بە کردەیی ئەو ڕاپەڕینە بەهێز بکەن، هەوڵ بدەن حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە یەکتر نزیک بکەنەوە، بەتایبەت لەگەڵ کوردەکان بکەونە دیالۆگ و یارمەتیی حیزبەکانیان بدەن. لە ئێستادا دابەزاندنی بەرنامەیەک کە بتوانێ ئینترنێت بۆ خەڵک دابین بکات زۆر پێویستە و دەبێ پەلەی لێ بکرێ.

پێت وایه‌ كه‌ دانوستانه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پرسی ناوكی ده‌بێ ڕابگیردرێ؟

ڕێککەوتنی ناوکی و دانوستانی دووبارە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تەنیا بە قازانجی ڕێژێم دەبێت، هەر بەو شێوە کە لە ڕێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ بینیمان. قازانجە ئابوورییەکانی ڕێکەوتننامەی پێشوو بۆ بەربڵاوترکردنی پرۆگرامە نیزامییەکانی ڕێژیم، وەکوو پرۆگرامی مووشەکیی ڕێژیم بە کار هات. هەروەها بووە هۆی پاڵپشتیی زیاتر بۆ سپای پاسداران و ئەو قەوارانەی دیکە کە گەلی ئێران سەرکوت دەکەن؛ بەڵام بۆ دابینکردنی بوودجەی میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست،  کۆماری ئیسلامی وەک سپۆنسەری سەرەکیی دەوڵەتی بۆ تێرۆر لە هەموو جیهانە. لە سەرچاوە ماڵییەکان کە لە ڕێککەوتننامەکە بە دەستی دێنێت، بۆ پەرەسەندی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پشتیوانی لە تێرۆر لە ئاستی جیهانیدا کەڵک وەردەگرێت و دەبێتە مەترسییەکی زۆرتر بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەکوو عەرەبستان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل.