عەلی لاریجانی نویسکاری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی میللیی ڕێژیم لە دژکردەوە بە کوژرانی هەیسەم عەلی تەباتەبایی، کەسی دووهەمی حیزبوڵڵا و سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو گرووپە خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بووە.
عەلی لاریجانی نویسکاری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی میللیی ڕێژیم لەو لێدوانەیدا ئاماژەی بەوە داوە: "بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەست لە ئاژاوەگێڕی هەڵناگرێت هەتا کاتێک کە هەموو کەس دێنە سەر ئەو بڕوایەی کە بێجگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە دژی ئیسرائیل ڕێگەی دیکە لەبەر دەستدا نییە".
لاریجانی هەروەها لە هەژماری ئیکسی خۆیدا بە زمانی عەرەبی وێڕای ئاماژەدان بە کوژرانی ئەو فەرماندە باڵایەی حیزبوڵڵا و چەند ئەندامێکی دیکەی ئەو گرووپە تێرۆرسیتییە نووسیویەتی: "ئەوان بە ئاواتی خۆیان گەیشتن".
هەروەها پێشتر عەلی لاریجانی لە سەردانێکیدا بۆ بەیرووت سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا و بەردەوامیی گوشارەکان لەمەڕ چەککردنی ئەو گرووپە وتبووی: "ئەگەر پێویست بکات حیزبوڵڵا شەڕێکی کەربەلایی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم پڕۆژە دەکات".
ئەو هەڕەشانەی لاریجانی لە کاتێکدایە کە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژە و لە هێرشە لەناکاوەکانی ئیسرائیلدا، سەدان زانای ناوکی، فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و بەرپرسانی ڕێژیمی تاران تەنیا لە یەکەم چرکەکانی هێرشەکە کوژران و ڕێژیمی ئێران توانایەکی ئەوتۆی بۆ بەرپەرچەدانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی لەدژی ئیسرائیل نەبوو.
هەروەها پێشتریش بێنیامین نێتانیاهوو لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵ ١٤ی ئیسرائیل لە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزدا ڕایگەیاندبوو: "شەڕی ١٢ ڕۆژە دوایین شەڕمان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نییە".
لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی تاران و ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشی دووبارە و دەسپێکردنەوەی شەڕیان لە یەکتر کردووە و باسی ڕووخان و لەنێوبردنی یەکتر چەندین ساڵە لەئارادایە.