کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ وەرگرتنی ڕەوایی دەستی بۆ پیرۆزییەکانی گەلی کورد بردووە

10:59 - 3 سەرماوەز 2725

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ وەرگرتنەوەی ڕەوایی و کەڵكئاوەژوو وەرگرتن لە هەستی خەڵک بەردەوامە و ئەمجارە ناوەندە سەرکوتکارەکانی ڕێژیم پەنایان بۆ پیرۆزییەکانی گەلی کورد بردووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە دەسپێکی حەفتەی ناوسراو بە حەفتەی بەسیج لە ئێراندا، شارەوانیی پیرانشار بە هەڵواسینی چەندین بەنێر لە ئاستی شارەکەدا، وێڕای پڕوپاگەندە بۆ ئەم بۆنە حکوومەتییە، هەوڵی کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لە هێماکانی نەتەوەی کوردی داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، بەشی پێوەندییە گشتییەکانی شارەوانیی پیرانشار لە حەفتەی بەسیجی ئەمساڵدا، دەستی بە هەڵواسینی کۆمەڵێک بەنێر لە ئاستی شارەکەدا کردووە کە لە جیاتی چەفیەی بەسیجی، جامانەی پێشمەرگانە و گوڵی سووریان لەسەر نەخشێندراوە.

ئەم هەوڵەی ڕێژیم لە کاتێدایە کە هەر لە ماوەکانی ڕابردوودا، بە دەیان هاووڵاتی بە هۆی بەکارهێنانی جلوبەرگی خاکی و جامانە بانگی ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم کران و ژمارەیەکیشیان دەسبەسەر کران.

بەپێی زانیارییەکانیش ڕێژیم لە هەندێ بۆنەی تایبەتیشدا پێشی بە بەکارهێنانی جامانە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە گرتووە.

جامانە و گوڵی سوور لەو هێمایانەن کە لای خەڵکی کوردستان پیرۆزن و لە بۆنەکانی وەک نەورۆزدا بەتایبەتی لەلایەن خەڵکەوە و بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگانە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

ئەم هەوڵە زیاتر نیشاندەری داڕمانی ڕێژیمە و  ڕێژیم بەم کارە هەوڵ دەدات نەمانی ڕەوایی خۆی قەرەبوو بکاتەوە و لەلایەکی تریشەوە هێماکانی گەلی کورد بباتە ژێر پرسیارەوە.

ئەم کارەی ڕێژیم دەتوانێ دەسپێشخەرییەک بۆ کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لە هەستی خەڵک بە مەبەستی ڕاکێشکردنیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانی شۆرای شارەکان لە چەند مانگی داهاتوودا بێت.

ئەم کارەی شارەوانیی پیرانشار، بە پێچەوانەی خواستی ڕێژیم نەک هیچ قازانجێک بە ڕێژیم ناگەیێنێ بەڵکوو ڕق و بێزاریی خەڵک بەرانبەر بەو دەسەڵاتەش زیاتر دەکات.