لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لێڕەوار و ژینگەی شاری مەریوان بەشێوەی سیستماتیک و گوماناوی ئاگر دراوە و تەنیا لە یەکەم ڕۆژی مانگی سەرماوەزدا لە شەش شوێنی جیاوازدا ئاگرکەوتنەوە ڕووی داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە یەکەم ڕۆژی مانگی سەرماوەزدا لە شەش شوێنی جیاوازدا لە دارستان و لێڕەواری ئاواییەکانی "نشکاش"، "دەرەوەران"، گەوێڵە"، "نێ"، "دزڵی" و "حەسەن ئاوڵە" ئاگریان تێبەردراوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە : "دەستی بەئەنقەست لەپشت وشککردنی دارستانەکان، بڕینی دار و دروستکردنی خەڵووز بە لێڕەوار و دارستانەکانی مەریوانەوەیە".
شایانی باسە لە ماوەی ئەو کارەساتە ژینگەییانەدا ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لێبڕاوانە و دڵسۆزانە لەژێر دروشمی "ماندوو نابێت بیری پارێزەرمان" ڕووبەڕووی ئەو ئاگرانە بوونەتەوە و پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر ئاگرەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
هەروەها ئەو ئەنجومەنە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەمەڕ بڕینی دار بەڕووەکانی دەوروبەرەری شاری مەریوان بەتایبەت ناوچەکانی سەرووی گۆڕەپانی پێشمەرگە هۆشداریی جیددییان دابوو کە دەیان کەسی هەلپەرەست کە چەکی سارد و گەرمیان پێ بووە کەوتوونەوە گیانی دار بەڕووەکان و بەشێوەی دوژمنکارانە لە هەوڵی بنبڕکردن و قەڵاچۆکردنی ئەو لێڕەوارانەدان.
هەروەها ئەنجومەنی سەوزی چیا لە بانگەوازێکدا داوای لە ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم کردبوو کە لە بەرانبەر ئەو کاولکارییانەدا بیدەنگ نەبن و پێشیان پێ بگرن.
بەپێی ئاماری ئەو ئەنجومەنە، ڕێژەی ئاگری دارستان و لێڕوارەکانی شاری مەریوان تەنیا لە کۆتایی مانگی گوڵان تا ۱۰ ڕۆژی سەرەتایی هاوینی ١٤٠٤دا، زیاتر لە ۶۰ ئاگری دەستکرد بووە.
شایانی باسە لەوبارەوە ئەو ئەنجومەنە ژینگەپارێزییە نووسیویەتی: "بە باوەڕی بەهێزی بیری پارێزەر و ڕێبازی ئەندیشەی سەوز توانیومانە بە ڕێکخستنی هێڵی فریاکەوتنانەی ئەندامانی ماندوونەناسی شار و دێ و خەڵکی بیرسەوزی خۆبەخشی ناوچەکان، بەرەنگاریی ئاگری دەستی ناحەزان و دژبەرانی ژینگە و ژیان ببێتەوە".
هەروەها چەندین جار ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان چەندین جار ڕوو لە هاونیشتمانییان ڕایانگەیاندبوو: "لە تەواوی هاونیشتمانییانی هێژا و بەئەمەگ داواکارین لە ئەگەریی هەر حاڵەتێکی ئاگری نێو ژینگەی ناوچە جیاوازەکان بە فریاکەوتنی خێرا و هوشیارانە یاریدەریی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی ڕێکخراوی سەوزی چیا بن".