کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حیزبوڵڵا

11:47 - 3 سەرماوەز 2725

بە گوێرەی بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشی ئاسمانیدا سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حیزبوڵڵای لە باشووری بەیرووت کردووەتە ئامانج کە بە دووەم گەورە بەرپرسی ئەو گرووپە دەهاتە ئەژمار.

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤، نووسینگەی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لە هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە باشوورییەکانی بەیرووت، هەیسەم عەلی تەباتەبایی، کەسی دووهەمی حیزبوڵڵا و سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حیزبوڵڵا کردووەتە ئامانج و کوژراوە".

 ئایال زەمیر سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل لەوبارەوە ڕایگەیاند: "ئێمە باڵاترین فەرماندەی تێرۆریستیی حیزبوڵڵامان کردووەتە ئامانج و لە هەوڵەکانمان بۆ لەنێوبردنی هەڕەشەکان بەردەوامین".

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە فەرمانی ئەو ئۆپەراسیۆنە و کوژرانی عەلی تەباتەبایی فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵا، ڕاستەوخۆ لەلایەن بێنیامین نێتانیاهووە بە وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دراوە.

هەروەها یێسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بەو ئۆپەراسیۆنە ڕایگەیاند: "ئێمە هەوڵە لێبڕاوەکانمان بۆ ڕێگری لە هەر جۆرە هەڕەشە لە دژی باکووری وڵات و هەموو وڵاتەکەمان درێژە پێ دەدەین، هەر کەسێک دەست لەسەرمان بەرز بکاتەوە، دەستی دەبڕین".

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕە فەرمییەکانی لوبنان، هەیسەم عەلی تەباتەبایی باوکی ئێرانییە و دایکی لوبنانییە و لە بەیرووت لە دایک بووە و پێشتر فەرماندەی یەکەی"ڕزوان" و هێزە بژاردەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٦، هەیسەم عەلی تەباتەبایی خستە پێڕستی تێرۆریستییەوە و وەکوو "تێرۆریستێکی نێونەتەوەیی" ناساندبووی.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" باسی لەوە کردووە کە حیزبوڵڵا بەهۆی زیانە بەرچاوە گیانییەکان و کوژرانی ڕێبەرانی وەکوو حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین  و باڵاترین فەرماندەکانی لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، تووشی داڕمان بووە و نازانێت ئایا توانای وڵامدانەوەی ئەبێت یان نا؟

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامە ئیسرائیلییە، لە دوای کوژرانی تەباتەبایی، حیزبوڵڵای لوبنان تووشی سەرلێشێواوییەکی زۆر بووەتەوە و ئەو گرووپەی ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە کردووەتەوە.