کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوە جیهانییەکان لەهەمبەر ئاورگرتنی بەندیخانەی ئێڤین و داواکارییەکان بۆ ئازادیی بەندکراوان

12:19 - 24 رەزبەر 2722

دژکردەوەکان بەنیسبەت ئاورگرتنی بەندیخانەی ئێڤین وای کردکە بەرپرسانی ئەمریکایی و چالاکان لە سەرانسەری جیهان داوای ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی بکەن.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، دوابەدوای بانگەوازی سەرانسەریی بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هەموو شارەکانی کوردستان و ئێران، ئاورێکی گەورە لە بەندیخانەی "ئێڤین"ـی تاران کەوتەوە و دەنگی تەقە دەبیسترا و خۆپیشاندەرانیش لە دەورووبەری بەندیخانەکە بە دروشمی "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر" لە بەندیخانەکە نزیک دەبوونەوە بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم بە هەموو شێوەیەک ڕێگرییان لە خۆپێشاندەران و بنەماڵەی بەندکراوان کرد کە بە هانای بەندیخانەوە بڕۆن؛ دوابەدوای ئەمە هەر زوو دژکردەوە جیهانییەکان سەریان هەڵدا و ڕێژیمی ئێرانیان بە بەرپرس لە ئاورگرتنی بەندیخانەی ئێڤین زانی.

جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەبارەی ئاورکەوتنەوە لە بەندیخانەی ئێڤین وتی: حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەندە زاڵمە کە مرۆڤەکان لەسەر شەقامەکان داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە خراپترین شێوە ڕووبەڕوویان دەبنەوە و گیانیان لێ دەستێنن، من وەکوو خۆم غافڵگیر بووم کە خەڵکی ئێران زۆر بوێرانە بە گژ دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا چوونەتەوە و دڵنیام ئەو شۆڕشە سەرانسەرییەی خەڵکی ئێران سەر دەکەوێ.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: ئێمە لە بەرانبەر گیانی بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە و بەتایبەت بەندکراوانی ئەمریکایی و وڵاتانی دیکە کە بێ هیچ هۆکارێک بەند کراون کۆماری ئیسلامی بە بەرپرس دەزانین.