![](/content/upload/1/news/56326_w920.jpg)
دوابەدوای بانگەوازی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی شەممەدا لانیکەم لە ٦٥ ناوچەی جیاجیا و ٢٥ شار و ٢٠ زانکۆ لە سەرانسەری ئێران و کوردستان، شۆڕشی سەرانسەری بۆ ڕووخان بەردەوام بوو.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، دوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازی گشتی لە ئێران و کوردستان بۆ بەگژداچوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی ڕێژیمی ئێران، خەڵکی ڕاپەڕیو بەدەم بانگەوازەکەوە چوون و بە مانگرتنی سەرانسەری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران شۆڕشی ڕووخان بەردەوام بوو.
ڕاپەڕینەکە بەندیخانەکانیشی گرتەوە و هێزە سەرکوتکەرەکان بە سەرکوتی خوێناوی، شۆڕشی بەندیخانەکانی شارەکانی سنە و ڕەشتیان کپ کرد و بەندیخانەی "ئێڤین"ـی تارانیشیان سووتاند.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە زۆربەی زۆری شارە گەورەکانی ئێران شۆڕشی سەرانسەریی ڕووخان بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو و بەردەوامی ئەو شۆڕشە لە پەرەسەندندایە و هاوکات لە شارەکانی کوردستانیش بە هەمان شێوەی خەڵکی ڕاپەڕیو لە شەقامەکاندا بەدژی ڕێژیمی ئێران و بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ڕووخان و نەمانی کۆماری ئیسلامییان کرد.
هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی لە هەموو ئامرازێکی سەرکوت کەڵک وەردەگرن، بەڵام خەڵکی وەزاڵەهاتوو ترسیان لە سەرکوت نەماوە و ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەبنەوە و بڕیاریان داوە تا کۆتایی کۆماری ئیسلامی لە بەرخۆدان بەردەوام بن.