زیاتر لە ٥٠٠ نووسەر و شاعیری ئێرانی لە بەیاننامەیەکدا داوای ئازادیی بێمەرجی"ئاتفە چوارمەحاڵیان" شاعیر، چالاکی بواری منداڵان و ئەندامی پێشووی هەیئەتی بەڕێوەبەری ناوەندی نووسەرانی ئێرانیان کرد.
ئەوان لەو بەیاننامەیەدا ڕایانگەیاندووە کە هیچ جۆرە زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو شاعیرە بە ئاگاداریی خەڵک و تەنانەت بنەماڵەکەشی نەگەیشتووە و لە دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنیشی زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
"عاتفە چوارمەحاڵیان" ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە پارێزگای ئەلئەحواز لەدایک بووە. دەرچووی کارناسیی کۆمەڵناسی و کارناسیی باڵا لە بەڕێوەبەریی شاری لە زانکۆی تارانە. ناوبراو دەستی باڵای لە نووسینی شێعردا هەیە و تا ئێستا دوو کۆمەڵە شێعری بە چاپ گەیاندووە.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ زیندانی "ئێڤین" لە تاران ڕاگوێزرا، هەر ئەو ڕۆژە نزیک بە ٣٢ کەسی دیکەش دەسبەسەر کرابوون کە لە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستی و تۆمەتی وەپاڵدراویان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.