چەند ڕۆژ لەمەوبەر قوتابییانی قوتابخانەی دواناوەندیی ''شاهید'' بەهۆی وتنەوەی دروشمی نەمان بۆ خامنەیی و "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژێم لە شەقامەکانی ئەردەبیڵ بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کرایە سەر. لەم هێرشە دڕندانەیەدا ژمارەیەک لە قوتابییان دەسبەسەر کران و یەکێک لەو کچانە بەهۆی لێدانی قورسی هێزی ئینتزامی ڕەوانەی بەشی نێوخۆیی نەخۆشخانەی فاتمی کرا و بەهۆی خوێنڕیژی لە ناوەوەی جەستەی گیانی لە دەست دا.
سەرکوتکاریی ڕێژیم لە ئەردەبێڵ، ئەم شارە و ئازەربایجان و ئێرانیشی تووشی خەفەت کرد و ناڕەزایەتی و راپەڕینی خەڵک بۆ ڕزگاری لەم حکوومەتە و گەیشتن بە ئازادی، کچێکی تر ئەمجارە لە ئەردەبێڵی خستە نێو کاروانی گیانلەدەستداوانی ڕێگای ئازادی و بەرابەریی ئێرانەوە.
لە کاردانەوە بە دڕندەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و کوژرانی کچە قوتابییەکی دواناوەندیی خەڵکی ئەردەبێڵ و تەورێز، ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەر خەڵکی ئەردەبێڵ هاتنە سەر شەقامەکان و وێڕای وتنەوەی دروشم دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە شەقامەکان لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تووشی تێکهەڵچوون بوون.
ئێمە وەکوو سێ هاوپەیمانیی سیاسی وێڕای مەحکوومکردنی توندوتیژیی هێزەکانی سەرکوتی ڕێژێم لە ئەردەبێڵ، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کچێکی گەنج، بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و تێکۆشانی خەڵکی ئەردەبێڵ و ئازەربایجان دەکەین و هاوپێوەندیی گەلان و ناڕەزایەتیی بێوچانی سەرتاسەریی ئێران بە تەنیا ڕێگای دەستەبەریی سەرکەوتنی خەڵک و هەڵقەندنی ڕیشەی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانین.
بژی هاوپێوەندیی گەڵان لە ئێران
بەردەوام بێ ناڕەزایەتیی ئازادیخوازنەی ئێستا
ـ هاوپێوەندی بۆ ئازادیی و یەکسانی لە ئێران
ـ شۆرای دێموکراسیخوازانی ئێران
ـ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ
٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی
١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زاینی