کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی لوبنان پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن

14:03 - 24 رەزبەر 2722

دەیان کورد لەبەردەم کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیرووتی پێتەختی لوبنان بۆ پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا؛ ئەوان بە کوردی هاواریان دەکرد، "ژن، ژیان، ئازادی." جگە لەوەش دەیان دروشمی دیکەیان بە زمانی عەرەبی دەگوتەوە.
 
بوشرا عەلی، هاونیشتمانی دەڵێت، "بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لە ئێران و هەروەها کوژرانی ناگەهان ئاکارسال، چالاکڤانی کورد لە سلێمانی و زەینەب ساروخان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریە لێرە گرد بووینەتەوە."
 
کوردانی لوبنان، کە ژمارەیان نزیکەی 300 هەزار کەسە، سەدان ساڵ لەمەوبەر چوونەتە ئەو وڵاتە، سەرەڕای ئەوەی هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمان نییە، بەڵام بە ئەرکی خۆیانی دەزانن خۆپێشاندان بۆ پاڵپشتیی ئەو ژنانە بکەن کە گیانیان لەدەست داوە.
 
حەنان عوسمان، هاونیشتمانی دەڵێت، "هاتووینەتە بەردەم کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی لاو کە لەسەر دەستی دەسەڵاتی ئێرانی بە شێوەیەکی دڕندانە تێرۆر کراوە. ژینا تەنانەت ڕێگەیان پێ نەداوە بە ناوە کوردییەکەی ناو بنرێت و دەسەڵاتی ئێرانی رێگریی کرد لەوەی لە ناسنامە بە ژینا بنووسرێت، ژینا بە واتای ژیان دێت، بەڵام دەسەڵاتی ئێرانی ژیانی لێ سەندەوە."
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران، لە زیاتر لە 150 شاری وڵاتان، بۆ پشتگیریکردن لە خۆپێشاندەرانی ئێران خۆپێشاندان کراوە.