کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فوئاد حوسێن: کورد شەڕی خۆبەخۆ ناکات

18:57 - 24 رەزبەر 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق سەردانی ئێرانیان کرد کە گرینگترین کۆبوونەوەیان لەگەڵ "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بووە.

لەو کۆبوونەوەدا زۆر بە وردی باس لە هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە.

"قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژکاری ئەمنییەتی عێراق سەرۆکایەتیی شاندەکەی عێراقی کردووە و "ڕێبەر ئەحمەد" وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش سەرۆکایەتیی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.

کۆبوونەوەکە لە بینای وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڕێوە چووە و "ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" بە بەردەوامی لە قسەکانیدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی بە "تێرۆریست'' ناو بردووە.

ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەیەدا داوای کردووە بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دابخرێن، حیزبەکان چەک بکرێن و لە کەمپێکدا کۆ بکرێنەوە کە ئەو داواکارییە لەلایەن "ڕێبەر ئەحمەد" ڕەت کراوەتەوە و وتوویەتی ئەوە داواکارییەکی ئاسان نییە چونکە هاتنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سەردەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە و لە سەردەمی حکوومەتی پێشووی عێراقدا بووە.

"ڕێبەر ئەحمەد" لەو کۆبوونەوەیەدا بە کوردی قسە دەکات و باسی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکات. وەرگێڕێکی عەرەبی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دیاری کراوە قسەکانی "ڕێبەر ئەحمەد" وەردەگێڕێتەوە و وشەی "تێرۆریست" بەکار دێنێت؛ "ڕێبەر ئەحمەد" بەنیسبەت ئەم هەوڵە چەواشەکارانە هەڵوێست دەگرێت و دەڵێت من وشەی تێرۆریستم بەکار نەهێناوە، ئەوانە هێزێکی کوردین.

لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێژیمی ئێران هەڕەشە دەکات کە لە ئەگەری نۆژەنکردنەوەی بنکە و بارگای حزبەکاندا بۆ جاری دیکە بە چڕی هێرش دەکاتە سەریان.

لەم کۆبوونەوەیەدا ڕێژیمی ئێران ڕێكکەوتنێک دێنێت کە لە نێوان حکوومەتی عێراق؛ هەرێمی کوردستان و ئێران واژۆ بکرێت بەڵام "ڕێبەر ئەحمەد" ئەوەش ڕەت دەکاتەوە.

لە کۆبوونەوەیەکی دیکەشەدا کە "فوئاد حوسێن" وەزیری دەرەوەی عێراق بەشدار بووە ڕێژیمی ئێران دیسان هەڕەشەی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کردووە کە بارەگاکانیان چۆڵ بکرێت کە ئەم داواکارییەش لەلایەن "فوئاد حوسێن"ـەوە ڕەت دەکرێتەوە و ڕایدەگەینێ کە جارێکی دیکە هێزی کوردی بەرانبەر هێزی کوردی شەڕ ناکاتەوە.