کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆکان لە ئێران بەردەوامە

19:00 - 24 رەزبەر 2722

وەکوو ڕۆژانی ڕابردوو ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیم ئێران لە زۆربەی زنکۆکانی ئێران بە شێوەی توندوتۆڵ بەردەوامییان هەیە و خوێندکاران ڕۆژ بە ڕۆژ و بە ئیرادەیەکی بەهێزتر خۆپێشاندانەکان درێژە دەدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی ڕەزبەر خوێندکاران لە شارەکانی تاران، کەرەج، تەورێز، نەجەف ئاباد و پارێزگای گیلان سەبارەت بە ڕووداوەکانی دوێنێ شەوی بەندیخانەی "ئێڤینـ"ـی تاران ناڕەزایەتییان نیشان دا و داوایان لە تەواوی خەڵکی ئێران کردووە کە پەیوەستی خۆپیشاندەران بن.

خوێندکارانی زانکۆی "عەللامە تەباتەبایی"ی تاران لە ناڕەزایەتیی ئەمڕۆی خۆیاندا دروشمی "خوێندکار دەمرێت بەڵام ستەم قەبووڵ ناکات" و "ژن ژیان ئازادیـ"ـیان وتەوە.

خوێندکارانی زانکۆی "فەنی"ی تاران لە هەرێمی زانکۆدا کۆ بوونەوە و بە دانی دروشمی "تاران بووە بە بازداشتگا، ئێڤین بووە بە کوشتارگا"، ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دا.

لە زانکۆی "شەریعەتیـ"ـش  خوێندکارانی کچ بە وتنەوەی سروودی "بێلا چاو" ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە ڕێژیم نیشان دا. 

خوێندکارانی زانکۆی تەورێز بە دانی دروشمی تایبەت بە ڕووداوەکانی زیندانی "ئیڤین" داوایان لە مامۆستاکانی زانکۆ کرد کە بێدەنگی بشکێنن و پەیوەستی خۆپیشاندانەکان بن، هەروەها لە زانکۆی "زانستی پزیشکی"ی ئەو شارە خوێندکاران دروشمی تایبەتیان دا و پشتیوانییان لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان کرد.

لە زانکۆی گیلان خوێندکاران بە دانی دروشم داوای پەیوەستبوونی خوێندکارانی زانکۆکانی دیکە بە ناڕەزایەتییەکانیان کرد.

لە کەرەج خوێندکارانی زانکۆی خاڕەزمی بە دانی دروشمی "ئازادی ئازادی ئازادی"
لە زانکۆ ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دا.

ناڕەزایەتی خوێندکاران لە زۆربەی زانکۆکانی ئێران بەردەوامە و ئیرادەی شۆڕش و بەرخودان دژی ڕێژیمی ئێران  لەنێو خوێندکاران بەرزە.