ڕێژیمی ئێران لە ڕێککەوتنێکی نهێنیدا دەیهەوێت مووشەکی بالستیک بۆ ڕووسیە بنێرێ کە لە شەڕی ئۆکرایندا بە کاری بێنێت.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی ''واشنتۆن پۆست''، لە زاری بەرپرسانی ئامریکایی و ناوەندە ئەمنییەکانی هاوپەیمانیی ئامریکا ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران لە ڕێککەوتنێکی نهێنیدا خەریکە ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکا کە دوو جۆر مووشەکی بالستیکی زەوی بە زەوی لەگەڵ دڕۆنی زۆرتر بۆ ڕووسیە بنێرێت.
ئەوە لەحاڵێکدایە کە تاران بۆی نییە چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە بنێرێ کە بەدژی ئۆکراین بەکاری بهێنێت، ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران دەیکا شکاندنی یاسای نێونەتەوەییە و پێویستە وڵامی بدرێتەوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە، ڕێژیمی ئێران لە ماوەی شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین بە نهێنی چەندین جار چەکوچۆڵی بۆ ڕووسیە ناردووە و باس لەوە دەکرێ کە وێڕای ناردنی دڕۆنەکانی بۆ ڕووسیە، ئەندامانی شارەزای سپای تێرۆریستیشی ناردووە بۆ ئەوەی لەوێ ئەو دڕۆنانە بەکار بهێنن.
لە کاتی هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین ٦هەزار کەلوپەلی قورسی سەربازی تێکشکاوە، بۆیە ئەگەر ڕێژیمی ئێران یارمەتی نەدا بە ئاسانی ناتوانێ هێرش بکاتە سەر ئۆکراین.