١٦٠هەزار کەس لە هەڵمەتێکی ئینتێرنێتیدا ڕوو بە بەرپرسانی وڵاتانی گرووپی ٧، داوایان کرد کە نوێنەران و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەر بکرێن.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە هەڵمەتێکی ئینتێرنێتیدا ١٦٠هەزار کەس بە کۆکردنەوەی واژۆی دەرکردنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان ڕوو بە وەزیرانی دەرەوەی بریتانیا، کانادا، ئامریکا، ژاپۆن، ئاڵمان، فەرانسە و ئیتالیا بە ئاماژە بە سەرکوتە خوێناوییەکانی ڕێژیمی ئێران بەرامبەر بە خەڵکی ناڕازیی ئێران، داوایان لەو وڵاتانە کرد کە دەبێ نوێنەرانی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتانی خۆیان و لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەر بکەن و نابێ هیچ پێگە و جێگەیەکیان لە وڵاتانی ئامریکایی و ئورووپایی هەبێت.
لەو هەڵمەتەدا هاتووە کە بەهۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای هێزە سەرکوتکەرەکانییەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕەندانە هێرش دەکاتە سەر خۆپێشاندەرانی ئێرانی و ڕاستەوخۆ بە گولـلە دەیانکوژێت و تەنانەت ڕەحم بە منداڵان و قوتابیانیش ناکات، دەبێ سەردانی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بۆ وڵاتان بە هەموو شێوەیەک ڕابگیرێت و وڵاتانی ئامریکایی و ئورووپایی هەڵویستی جیدییان هەبێ و ڕێژیمی ئێران دەر بکەن.