کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم تەقەیان لە سەدان خۆپیشاندەر کردوە

21:03 - 10 رەزبەر 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەر کوشتنی خەڵکی ناڕازی لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران، بەتایبەت جینایەتی ئەم دواییانەی شاری زاهیدانی بە "توندترین شێوە" مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی دوو حەوتووی داوی گەیشتووتە ١٣٣ کەس.

هەر لەم پێوەندییەدا، "کەمپەینی چالاکانی بەلووچ" بەشێوەی سەربەخۆ و بە جیا ناوی ٥٦ کەسی لە خەڵکی بەلووچ بڵاو کردووتەوە کە لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی زاهیداندا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون.

چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن کوشتنی خەڵکی ناڕازی و خۆپێشاندەر لە ئێران بەگشتی و بەتایبەت کوشتارەکەی زاهیدان تاوان و جینایەت بەدژی مرۆڤایەتییە و لەسەر ئەم باوەڕەن کە، دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی پەیجووری ئەم جینایەتانە بێ و پێش بە کارەساتی نوێی کۆماری ئیسلامی بگرێ.