کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بە پاڕانەوە داوای کۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانەکان دەکات

13:26 - 25 رەزبەر 2722

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە ماڵپەڕێکی سپای پاسدارانی ڕێژیم بڵاو بووەتەوە فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان لە ساختەکارییەکدا چووەتە نێو کۆڵانەکان و و بە پارانەوە داوا لە هاووڵاتییانی ناڕازی دەکات کە لە شەقامەکاندا نەمێننەوە و واز لە خۆپێشاندان بهێنن.

گرتە ڤیدیۆییەکە دەریدەخات کە جیا لە هێزی ئینتزامی، خودی فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانیش لە کۆڵانەکاندا خەریکی سەرکوتی خەڵکن.

ئەم فەرماندەیەی سپا لە قسەکانیدا دەڵێ بۆ من تەقە کردن ئاسانە، ئەمە دانپێدانانی بەرپرسانی ڕێژیم و بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەیکە هاووڵاتییان بزانن ئەو کەسانە کە تەقە لە خۆپێشاندەران دەکەن و خەڵک دەکوژن ئەندامانی سپای پاسدارانن.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکە ئەو کەسانەی لە دەورووبەری ئەو فەرماندەیەی سپادان، سەر و چاویان داپۆشیوە، کە ئەوەش بەڵگەیەکی دیکە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە سپای پاسداران بە شێوەی داعش‌ئاسا خەریکی کوشتاری خەڵکە.

ئەو فەرماندەیەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە حاڵێکدا قسە بۆ خەڵک دەکات کە کۆڵانەکان چۆڵ و بەتاڵن و هیچ خۆپێشاندەرێک لە شەقامەکاندا بوونی نییە.

باس لەوە دەکرێت کە ڕێژیمی ئێران بۆ درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتەکەی لە هێندیک لە خۆپشاندانەکاندا بەمەبەستی سەرکوتی زیاتری خەڵك لە هێزە نیابەتییەکان کەڵک وەردەگرێت.