کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاوپەیمانیی سیاسی: زیندانییانی سیاسیی دەبێ ئازاد بکرێن و هەوڵەکان دژی ڕێژیم زیاتر ببن

17:16 - 25 رەزبەر 2722

سێ دامەزراوەی سیاسی لەوانە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، هاوپەیوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران و هەروەها شۆرای دێموکراسیخوازانی ئێران سەبارەت بە ڕووداوی زیندانی "ئێڤینـ"ـی شاری تاران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: شەوی شەممە ٢٣ی ڕەزبەر، هەواڵی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە زیندانی "ئێڤین" لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە کە بەپێی کۆمەڵێک ڤیدیۆ ئاگر و دووکەڵێکی زۆر لەسەر بەندیخانەکە بەرز بووەتەوە، بە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە خەڵکێکی زۆر بەتایبەت بنەماڵەی زیندانییان ڕوویان لە زیندانەکە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێو زیندانییانی بەندەکان دروست بووە و ڕێژیم ئیدعای ئەوەی کردووە کە هەندێک لە زیندانییەکان ئەو ئاگرەیان کردووەتەوە بەڵام ڤیدیۆکان ئەوە نیشان دەدەن کە لە تاریکیی شەودا هەندێک هێڵی ئاورین ڕەوانەی بەندیخانەکە کراون و دوای ئەوە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بیستراوە و دەنگی فیشەکیش لە بەندیخانەکە بە گوێ گەیشتووە.

دوای ڕووداوەکەدا خەڵک لەبەر دەرگای زیندانی ئێڤین کۆ بوونەوە و دەستیان بە دانی دروشم دژی دیکتاتۆر کرد و دواتر هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە و هەوڵی سەرکوتی خەڵکیان دا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە لە ئێستادا ئاگرەکە کوژێندراوەتەوە، بەڵام ڕێگاکانی زیندان بەستراون و هێڵەکانی تەلەفۆنی زیندان پچڕاون و هیچ هەواڵێک لەنێو زیندان نایەتە دەرەوە.

"ئیسماعیل بەخشی" چالاکی کرێکاری کە چەندین ساڵ لە زینداندا بووە، وتوویەتی گیانی زیندانییانی سیاسی لەو زیندانە لە مەترسیدایە و لە دۆخی هاوشێوەدا کامێراکان دەکوژێننەوە و دەکەونە گیانی زیندانییەکان و تا ئێستا لەلایەن کاربەدەستانی زیندانەوە هەڕەشەی کوشتن لە زیندانییەکان کراوە.

دەزگای قەزایی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا چوار کەس لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەست داوە و ٦١ کەس بریندارن کە هەندێکیان بۆ شوێنی ئەمن ڕاگوێزراون و هەندێک لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ماوەی یەک مانگە کە خەڵکی ئێران دژی ڕێژیمی دیکتاتۆر لە ئێران ڕاپەڕیون و تا ئێستا لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا نزیک بە ٢٤٠ کەس کوژراو و بە هەزاران کەس بریندار بوونە، سەرەڕای هەوڵی ڕێژیم بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەردەوامە.

ئەو سێ هاوپەیمانییە هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ئێمە وەکوو سێ دامەزراوەی سیاسی خوازیاری ئازادیی هەموو زیندانییانی سیاسین و کوشتاری زیندانییانی سیاسی لە ئێستا و ڕابردوودا مەحکووم دەکەین و پێویستە هەموو هەوڵەکانمان بۆ لەنێوبردنی ڕێژیمی دیکتاتۆر لە ئێران بخەینە گەڕ و هەروەها داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە هەوڵی خۆیان سەبارەت بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی زیندانی ئێڤین و ئاگاداری لە دۆخی زیندانییانی سیاسی لە دنیای دەرەوە بخەنە گەڕ.

ئەو سێ هاوپەیمانییە لە کۆتاییدا ڕایانگەیاندووە کە بە یەکپارچەیی و ئیرادەی هاوبەش دەتواندرێ سەرکوت و زەبروزەنگی ڕێژیم کۆتایی پێ بهێندرێ و دێموکراسی و ئازادی لە وڵاتدا جێگیر بکرێت.