کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە مەهاباد گوشارەکانی بۆ سەر خەڵکی ناڕازی زیاتر کردووە

17:23 - 25 رەزبەر 2722

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەزبەرەوە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری مەهاباد کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و بە وەکارخستنی پەهباد و فیلمبەرداری و سیخوڕیکردن دەیانەوێت ئیرادەی ڕاپەڕیوی خەڵک تێک بشکێنن و خەڵک کۆنتڕۆڵ بکەن.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ڕێژیم فەرمانی بە هەموو قوتابخانەکان کردووە کە لە کاتی تەواوبوونی وانەکانی ڕۆژانە، نابێت هەموو قوتابییەکان لە یەک کاتدا بنێردرێنە دەرەوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوە دروست نەبێت.

هەروەها فەرمانیان بە بەرپرسانی قوتابخانەکانان کردووە کە هۆشداری بە بنەماڵەی قوتابییان بدەن کە ڕێگە لە چوونی منداڵەکانیان بۆ سەر شەقام و دەربڕینی ناڕەزایەتی بگرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لەوە کردووە کە ڕێژیم گرووپێکی بێ بەند و بار و توندوتیژی بە ناوی "نۆپۆ" هێناوەتە مەهاباد کە دەوترێ پاسداری تایبەتی خامنەیین.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە تا ئێستا کە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بووە و بەتایبەت دوای ئەوەی کە چەند جاشێکی ڕێژیم لە مەهاباد لەلایەن لاوانی شۆڕشگێڕی شارەوە سزا دران، ڕێژیم هێزێکی زۆری هێناوەتە مەهاباد و کۆڵان و شەقامی مەهابادیان بە هێز تەنیوە و لە ئاسمانیشەوە ڕێژیم بە پەهباد چاوەدێریی خەڵکی ناڕازیی شار دەکەن.

هەتا دێت ناڕەزایەتییەکان لە مەهاباد بەرینتر دەبنەوە و خەریکە هەموو گەڕەکەکانی شار تێکەڵی خۆپیشاندانەکان دەبن و لە ئيستادا ڕۆژانە لە مەهاباد دووکان و بازاڕ تا نیوەی ڕۆژ هەیە و دواتر دووکان و بازاڕەکان دادەخرێن.