کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەریقەتی "قادری" لە پارێزگای سنه بۆ ڕاپەڕین دژی ڕێژیمی ئێران بانگەوازێکی بڵاو کردەوە

17:56 - 25 رەزبەر 2722

تەریقەتی "قادری" لە بانگەوازێکدا بڵاوی کردووەتەوە کاتی ئەوە هاتووە ئیتر لە زوڵم و جینایەتی ویلایەتی بۆ هەمیشە ڕزگارمان بێت و زوڵم و ستەمێک کە خامنەیی جینایەتکار لە خەڵکی دەکات لەنێو بچێت.

تەریقەتی "قادری" لەو بانگەوازەدا بڵاوی کردووەتەوە کە مافیای ئاخوندی و نۆکەرەکانی سەر مینبەرەکان وەک بوونەوەرێکی پیس وان کە زیاتر لە چوار دەیەیە بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە بەڵام لە ڕاستیدا لەسەر بنەمای هەوا و هەوەسی شەیتانیی خۆیان حوکمڕانی بەسەر خەڵکدا دەکەن.

ڕێبەری تەریقەتی قادری لەو بانگەوازەدا وتوویەتی: "من بە پشتیوانیی خوای گەورە وەک خزمەتکارێکی شەریعەت و تەریقەت و کەسایەتییەکانی ئەهلی سوننە و جەماعەت ڕادەگەیەنم کە بە هیچ شتێک ڕازی نابم مەگەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئاخوندی بڕووخێت.. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەر کارێکی بتوانم ئەنجامی دەدەم و هاوکاریی هەموو چین و توێژ و گرووپ و حیزبێکێش دەکەم."

لەو بانگەوازەدا تەریقەتی قادری داوای لە خەڵک کردووە بە هەر شێوەیەک دەتوانن ناڕەزایەتیی مەدەنی دەرببڕن و لە بەرانبەر هێرشی دڕندانەی هێزە سەرکوتکەرەکاندا بە هانای هاوشارییەکانیانەوە بچن.

تەریقەتی "قادری" ڕایگەیاندووە بە پشتیوانیی خوا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە حەتمییە و گومانی تێدا مەکەن.