کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەروازەیەک بۆ پەروەردە و فێربوون (بە بۆنەی ساڵی نوێی خوێندن)

23:21 - 25 رەزبەر 2722

سمکۆ ڕۆژهەڵاتی  

 پێشەکی

پەروەردە و گرینگیی پەروەردە لە چاخی ئێستادا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بۆ هەموو گەلان دەردەکەوێت. بەرفراوان‌بوونی خواست بۆ فێربوون و فێرکاری، بایەخ و گرینگیی پەروەردە نیشان دەدات.

کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زۆر بە چاکی بایەخ و نرخی پەروەردەی بۆ دەرکەوت؛ ئەمەش وایکرد کە پەروەردە بخرێتە ڕیزی یەکەمی کار و باری پێویستی ڕۆژانەی ژیان. لەبەر ئەوە بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان کرا، وزە و توانایەکی زۆری بۆ دەستەبەر کرا، دەستەڵاتێکی گەورەی پێ‌بەخشرا، گەلێك شارەزا و پسپۆڕ و فەیلەسوف و بیرمەندی بۆ تایبەت کرا.

بڕاون (١٩٧٨) ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌ جیهان به‌ره‌وڕووی گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی هاتووه‌. ئه‌و گۆڕانکارییه‌ وه‌کوو پێشوو ده‌توانێت ئێمه‌ به‌ره‌و ئاستێکی باڵای مرۆڤایه‌تی به‌رێ، به‌ڵام بۆ پێشکه‌وتن دەبێت به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ڕابردوو به‌ دروستی هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵبگیردرێت. بڕاون جگه‌ له‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئه‌و گۆڕانکارییانه شوێن ده‌خه‌نه‌ سه‌ر‌ شێوازی ژیان، پێکهاته‌ی ئابووری، ڕاده‌ی خێزان، پێوه‌ندی نێونه‌ته‌وایه‌تی و سیسته‌می فێرکاری و هتد. ئه‌وه‌ش هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ڕوودانی قه‌یران‌گه‌لێکی زۆر؛ یه‌کێ له‌و‌ گرفتانه‌، گرفت بۆ فێرکاری و ده‌زگای په‌روه‌رده‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ ناچارمان ده‌کات به‌سه‌رخۆماندا بچینه‌وه‌ و خۆمان بۆ جۆرێک فێرکاری ئاماده‌ بکه‌ین که‌ بتوانین له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای جیهان ڕێک بکه‌وین، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به‌ پلانه‌. (بڕاون، 1978)

لە پڕۆسەی پەروەردەی کلاسیك، ئەرکی فێرخواز بریتی بوو لە تێگەیشتن لە بابەتەکانی پرۆگرامی خوێندن و بەیادهێنانەوەیان لە کاتی پێویست (چارەسەرکردنی هاوکێشە ماتماتیکی و کیمیایەکان، زانینی کات و شوێنی دیاردە و ڕووداوە مێژووییەکان، ئەزبەرکردنی هۆنراوە و ناوی هۆزانڤانەکان و . . . )، بەڵام لە پڕۆسەی پەروەردەی سەردەم ئەرکی فێرخواز بریتییە لە ''فێربوونی زانیاریی نوێ، گۆڕینی مەعریفە بۆ ڕەفتار، جێبەجێ‌کردنی ئەو کارامەیی و ئەزموونانەی لە پڕۆسەی پەروەردەدا فێریان دەبێت بە سەر هەڵویستی نوێدا'' بۆ ئەوەی فێرخوازان لە دوای تێپەڕبوونیان بە پڕۆسەی پەروەردە، ببن بە ئەندامێکی چالاکی کۆمەلگە و توانای داهێنان و گۆڕین و گەشەپێدانی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیان هەبێت. پەروەردەی نوێ، خۆی دوور دەکاتەوە لە لەبەرکردن و ئاخنینی مێشکەکان بە زانیاریی پچڕپچڕ و بەکارنەهاتوو. بەپێچەوانەوە پەروەردەی نوێ، فێربوون و ئەزموون و بەکارهێنانی لە ژیانی ڕۆژانە و ژینگەی دەوروبەردا دەکاتە ئامانج. پەروەردە وەک چۆن «جان دیۆیی» وتوویەتی: بریتییە لە ژیان.

سەرهەڵدانی پەروەردەی هاوچەرخ

دەکرێت باس لە چەند ڕووداوێك بکەین وەك هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی پەروەردەی هاوچەرخ:

1- سەرهەڵدانی ڕاوبۆچوونی چەند فەیلەسوف و زانایەك کە هاندەربوون بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بواری پەروەردەدا وەك:

-  ڕەخنەکانی فەیلەسوف «ژان ژاک ڕۆسۆ» لە شێوازی پەروەردەی سەردەمی خۆی کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پەرەسەندنی پەروەردە و پەیڕەوی خوێندن هەبوو، بۆ نموونە ڕۆسۆ پێی‌ وابوو ئەرکی پەروەردە بریتییە لە ئامادەکردنی دەرفەتی گەشەکردن لەسەر بنەمای سروشتی منداڵ و حەز و ئارەزووەکانیان.

- زانا «هێنری پستالۆزی» بە توندی ڕەخنەی لە شێوازی پەروەردەی سەردەمی خۆی گرت و پێی وابوو مەرجە لە پڕۆسەی فێرکردندا پێوەندییەکی دروست لە نێوان مامۆستا و فێرخوازندا هەبێت. «هیربارت» پێی وابوو بۆ ئەوەی فێربوون بە باشی ڕوو بدات دەبێت مامۆستا لە وانەوتنەوەدا پێوەندی نێوان زانیارییەکان وەربگرێت و هەوڵ بدات پێکەوەیان ببەستێت لە ڕێگای چەند هەنگاوێکی لۆژیکییەوە و بۆ ئەو مەبەستەش شێوازێکی وانەوتنەوەی داهێنا کە ئێستا بە «شێوازی وانەوتنەوەی هیربارت» ناسراوە و پێی وابوو: زانیاری تاقە پێکهاتەی پڕۆسەی فێرکردن و فێربوون نییە بەڵکوو ڕێگا و شێوازی وانەوتنەوە پێکهاتەیەکی گرینگە کە ناکرێت مامۆستا فەرامۆشی بکات.

- زانا «فرۆبیل» بانگەشەی بۆ گرینگیی ئەنجامدانی چالاکیی ئازاد لە لایەن فێرخوازانەوە دەکرد و پێی وابوو هەموو مرۆڤێک داهێنەرە ئەگەر ژینگەی گونجاوی بۆ بڕەخسێندرێت. «فرۆبیل» له‌ كتێبی «په‌روه‌رده‌ی مرۆڤ» باس له‌ یاسای ئه‌زه‌لیی مرۆڤ ده‌كات كه‌ مرۆڤ له‌ دوو ڕوانگەوە‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، دیوی ده‌ره‌وه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ سروشت و دیوی ناوه‌وه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ گیان (ڕۆح). له ‌منداڵاندا ده‌بێت‌ هه‌ردووكیان په‌روه‌رده‌ بكرێت و ببنه‌ ته‌واوكراوی گه‌شه‌ی یه‌كتر له‌ ڕێگه‌ی یاریی سروشتی.

- زانا «فرانسیس پارکر» دەستی ‌کرد بە بانگەشەکردن بۆ ئەنجام‌دانی گۆڕانکاری لە پەیڕەوی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەك کە سنووری نێوان بابەتەکان کەم بکرێنەوە و بایەخ تەنیا بە زانیاری نەدرێت.

- زانا «جان دیۆیی» لەساڵی١٩٠٣ پەڕتووکێکی نووسی بە ناونیشانی «منداڵ و پەیڕەوی خوێندن» (the child and the curriculum) کە تیایدا بە ڕاشکاوی ئاماژەی کرد بە گرینگی‌دانی پەیڕەوی خوێندن لەسەر بنەمای تایبەتمەندی و پێداویستیی فێرخوازان.

- هەروەها چەند زانایەکی دیکە وەك «هیربیرت سپینسەر» ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە سەرهەڵدانی فەلسەفەی پەروەردەیی پیشکەوتووخوازی وەك فەلسەفەی پراگماتی کە کاریگەریی سەرەکی هەبوو لەسەر پەرەسەندنی پەیڕەوی خوێندن.

٢- پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا بە تایبەت لە بواری گەیاندن و پێوەندی‌کردن. هەروەها گواستنەوەی سەرچاوەکانی بەرهەمێنان لە ماڵانەوە بۆ کارگەکان وایکرد بایەخێکی زیاتر بە پەروەردەی پیشەیی بدرێت.

٣- پێشکەوتنی تیۆرەکانی دەروونزانیی منداڵان، دەروونزانیی هەرزەکاران، دەروونزانیی پەروەردەیی و پەرەسەندنی شێوازی زانستی لە توێژینەوەکاندا وایکرد تێگەیشتنێکی نوێ بۆ تایبەتمەندییە جەستەیی، ئەقڵی، هەڵچوونی و کۆمەڵایەتییەکانی فێرخوازان بێتە ئاراوە و پسپۆڕانی پەروەردە بەو ڕاستییە گەیشتن کە ناکرێت کەسێتی فێرخواز تەنها لە ڕێگەی بایەخدان بە لایەنی ئەقڵی و زیادکردنی زانیارییەکان گەشە بکات، بەڵکوو دەبێت بایەخ بە سەرجەم لایەنەکانی کەسێتی بدرێت.

 

 پەروەرده

چەمکی پەروەردە چەمکێک نییە کۆدەنگی لەسەر بێت و پێناسەیەکی یەکگرتووی بۆ بکەین. پێناسەی پەروەردە لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕدرێت. ئایین، جیاوازیی بیروبۆچوونی مرۆڤەکان، پێداویستییەکانی ژیان، ئابووری، جۆری سیستمی حکومڕانی، جوغرافیا، مێژوو و... کاریگەرییان هەیە لەسەر پێناسە و فەلسەفەی پەروەردەی هەر کۆمەڵگایەک.

پەروەردە و سیستمی پەروەردەیی، بەردی بناغەی پێشکەوتنی گەلان و وڵاتانن. پەروەردە و فێرکردن کاریگەریی بەرچاویان هەیە لە گەشەکردن و بووژانەوەی ئابووری، سیاسی، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، ئاسایشی گشتی، بەرەوپێش‌چوونی پیشەسازی، کشتوکاڵی و جوڵانەوەی فەرهەنگی هەر کۆمەڵگایەک.

- «جان دیۆیی» لە پێناسەیەک بۆ پەروەردە پێی ‌وایە: پڕۆسەیەکی بەردەوامە بۆ بنیات‌نانەوەی ئەزموونەکان، بە ئامانجی فراوان‌کردن و قووڵ‌کردنەوەی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتییانەی تاک.

- پەروەرده بریتییە لە ڕەخساندنی بوارەکان و هۆکارەکانی گەشەکردن و بەکردەیی‌کردنی (بالفعل) تواناییە (استعداد/ aptitude) هێزەکییەکانی (Potential بالقوه) مرۆڤ.

- دەتوانین لە ناساندنێکی گشتیدا پەروەردە بەوە پێناسە بکەین: پەروەردە کار دەکات لەسەر پەرەپێدانی تاک لە ڕێگای پڕۆسەیەکی سیستماتیکیی مەبەستدار لە پێناو ئامانجێکی دیاری‌کراو (وەک: کۆمەڵێک زانیاری، لێهاتوویی، خوو‌ و‌ ڕەوشت، پەرەپێدان و گەشەکردنی تواناکانی تاک لە سەرجەم لایەنەکانی زێهنی، دەروونی، جەستەیی، کۆمەڵایەتی، سۆزداری، مەعریفی، کەسایەتی تاک و شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی ژیانی و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەوانی‌ تردا) کە لە نێوان نەوەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن، لە پێناو گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا.

فێربوون

زانا و پەروەردیاران لە نێوان خۆیاندا کۆک نین و پێناسەیەکی یەکگرتوو بۆ فێربوون نییە کە سەرجەم زانا و پەروەردەیاران لە سەری کۆك بن، بەڵکوو چەند پێناسەی جیاجیا هەیە و هەر زانایە و لە گۆشەنیگای تایبەت بە خۆی پێناسەی فێربوونی کردووە. لە گرینگترین پێناسەکانیش ئەمانەی خوارەوەن:

١- فێربوون بریتییە لە گۆڕانکاری‌ لە ڕەفتار، ئەویش لە ڕێگەی شارەزایی و ڕاهێنانەوە دەبێت و بەردەوامیش لە خۆی دەگرێت، واتە تاک لە هەوڵ و کۆششدا دەبێت تا دەگاتە هێنانە دی حەز و ئارەزوو و ئامانجەکانی.

٢- فیربوون بریتیە لە گۆڕانکاریی نیمچە نەگۆڕ لە توانا و لێهاتوویەکانی مرۆڤ، ئەویش لە ڕێگەی ڕاهێنان و کارکردنی پاداشت کراوەوە.

٣- فێربوون بریتیە لە چاک‌سازی و باش‌بوونی بەردەوامی ڕەفتار، دەتوانرێت لە ڕێگەی سەرنج‌دانەوە ئەو چاک‌سازی و باش‌بوونە هەست پێ بکرێت، ئەوێش بە هەست‌پێ‌کردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئەنجامی فێربوونەوە ڕوو دەدەن.

٤- فێربوون بریتییە لە پڕۆسەی خۆگونجاندنی تاك لەگەڵ دەوروبەر و گۆڕانکارییەکانی جیهانی دەرەوە، ئەویش لە ڕێگەی وەڵام‌دانەوەی جۆرەها ورووژێنەری ژینگەی دەرەکی.

٥- فێربوون بریتیە لە هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئەنجامی ورووژێنەر و چالاکییە جۆراوجۆرەکانەوە ڕوو دەدەن.

فێربوون ئەو پڕۆسەیە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری (بێجگە لە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئەنجامی نەخۆشی و ماندووبوون و بەکارهێنانی مەوادە بێهوشکەر یان نەشتەرگەریی مێشك یان پێگەیین و پێگەیشتنی ئەندامەکانی لەشەوە ڕوو دەدەن) لە ڕەفتار و بیرکردنەوە و هەڵس‌وکەوتی مرۆڤدا، ئەویش لە ئەنجامی بەریەک‌کەوتن و کارتێک‌کردنی تاك لەگەڵ ورووژێنەر و فاکتەرەکانی جیهانی دەرەوە.

فێربوون پڕۆسەیەکی عەقڵیی زۆر ئاڵۆز و هەمەلایەنەیە و ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆسە و چالاکی و توانستی ‌تر لەخۆ دەگرێت کە بە وەرگرتن و هەست‌پێ‌کردنی ورووژێنەرەکان لە لایەن هەستەوەرەکان دەست پێ دەکات و دواتر گەیاندنیان بە مێشك و عەمبارکردن، لێک‌دانەوە و درك پێ‌کردن و وەڵام‌دانەوە لە ڕێگەی ماسوولکە و گلاندەکان کۆتایی دێت و دوا جار زۆر پڕۆسەی عەقڵی وەك بیرکردنەوە و تێگەیشتن و بەراوردکردن و دروست‌کردنی پێوەندییەکان ڕوو دەدەن. بۆ ئەوەی بزانین ڕووی داوە، ئەوا دەبێت لە ڕێگەی بەراوردکردنی ڕەفتار و هەڵس‌وکەوتەکانی ئەمڕۆ بە دوێنێ و ئەمڕۆ بە سبەی، پێوانەی ئەو گۆڕانکارییانە بکەین. ئینجا ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانە لە ئەنجامی کار و چالاکی و پڕۆسەی فێربوونەوە ڕووی دابوو، ئەوە مانای ئەویە کە ئەو فێربوون و ڕاهێنان و کار و چالاکییانە کاریگەریی خۆیان هەبووە.

 فێربوون پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و هەمەلایانەیە و لە ژێر ڕۆشنایی چەند مەرج و بارودۆخێکی تایبەتیدا ڕوو دەدات. فێربوون وەك پڕۆسەیەکی عەقڵی لە ڕێگەی شوینەوارەکانییەوە هەست بە ڕوودان و کاریگەرییەکانی دەکرێت؛ دەبێتە هۆی گۆڕانکاری و چاک‌کردنی ڕەفتاری تاك ئەو گۆڕانکارییەش چ لایەنی هەڵچوون و ویژدانی بێت یان لایەنی عەقلی و کۆمەڵایەتی و جەستەیی، گرینگ ئەوەیە لە کۆتاییدا ببێتە خوو (عادت) و بەشێك لە ڕەفتار و کەسێتی مرۆڤ. فێربوون بە سوودوەرگرتن لە ئەزموون، گۆڕانکارییەکی بەردەوامە لە هەڵس‌وکەوتە دیار و ناوەکییەکانی تاك و پڕۆسەیەکی بەردەوامە و هەر لەگەڵ هاتنە کۆڕی ژیانەوە دەست پێ‌دەکات. فێربوون پڕۆسەیەکی بەردەوامە کە هەر لە سەردەمی منداڵییەوە مرۆڤ خوی پێوە دەگرێت، ڕۆژانە دەکرێت فێری شتی نوێ ببێت تا دوا ساتەکانی ژیانی.

پێناسەکانی فێربوون:

١- بریتییە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ڕەفتاری لە ڕێگەی شارەزایی و ڕاهێنانەوە.

٢- بریتییە لە گۆڕانکاریی نیمچە نەگۆڕ، لە توانا و لێهاتوویەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی ڕاهێنان و کارکردنی پاداشت کراوەوە.

٣- فێربوون بریتییە لە باش‌بوون و گۆڕانی بەردەوامیی ڕەفتاری تاك، ئەم گۆڕانەش بە سەرنجدان و وردبوونەوە لە دەرئەنجامەکانی ڕەفتاریدا هەست پێ‌دەکرێن.

كرداری فێربوون، پشت ده‌به‌ستێت به‌ تواناكانی فێربوون به‌ نواندن و وه‌رگرتنی بابه‌ته‌كه‌ یان زانیاریی نوێ به‌ هۆی تێكهه‌ڵكێشانی ناوه‌ختی بابه‌ت. واته‌ گرێدانی زانیاریی نوێ بەو ‌زانیاری و بیركردنه‌وانەی كه‌ له‌ خودی تاكدا و له‌ بوونیادی مه‌عریفی و تێكه‌ڵكردنی له‌گه‌ڵ زانیارییه‌كانی ده‌وروبه‌ریدا بوونی هه‌یه، كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا ده‌بێته‌ سه‌رهه‌ڵدانی زانیاری و بیركردنه‌وه‌ی نوێ. ئه‌م كرداره‌ش ته‌نها له‌ فێربوونی ماناداردا ده‌بێت كه‌ ئامانج، ‌گۆرینی ڕه‌فتاری تاكه‌.

 فێربوون پڕۆسەیەکە لە گشت قۆناغەکانی ژیاندا ڕوو دەدات، بۆ ئەوەی منداڵ لە پڕۆسەی فێرکاریدا بتۆانێت پشت بە هێز و لێهاتوویی خۆی ببەستێت، پێویستە ئەم خاڵانە لە بەرچاو بگیرێت:

سازکردنی ژینگەیەکی ئارام و دوور لە توندوتیژی بۆ منداڵ.

دەستەبەرکردنی پێداویستییە سۆزدارییەکانی منداڵ و دروست‌کردنی بڕوابەخۆبوون لە ناخی منداڵدا.

ڕەفتارکردن لەگەڵ منداڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە کاتی وانەوتنەوەدا.

بەشداری پێکردنی منداڵ بە شێوەیەکی پراکتیکی لە کاتی جێبەجێ‌کردنی پڕۆسەی فێرکاریدا.

پاراستنی ماف و سەروەرییەکانی منداڵ و ئاشناکردنی بە کارە پەسەند و بەها مرۆییەکان.

ئازادی‌بەخشین بە منداڵ و بێبەش‌نەکردنی لە سۆز و خۆشەویستی مرۆڤدۆستانە.

پێدانی بەرپرسیاریەتی لە سنووری تواناکاندا.

پشتیوانی‌کردن لە خاڵە ئەرێنییەکانی منداڵ.

دۆزینەوەی توانا شاراوەکانی منداڵ و ئاراستەکردنی منداڵ بەرەو پێشکەوتن و داهێنان.

فەراهەم‌کردنی پێداویستییە جیاجیاکانی منداڵ.

ڕاهێنانی منداڵ لەسەر شێوازی بیرکردنەوەیەکی تەندروستانە و زانستییانە و بابەتیانە.

فێربوون پێکەوە:

 فێربوونی پێکەوە و هەرەوەزی، بێجگە لەوەی منداڵ فێری بابەتی دیاریکراو دەکات، فێری گیانی هاوکاری و هەرەوەزی و هەماهەنگیشی دەکات. بەرهەمهێنانیش دەبێتە زادەی بیر و بڕیار و کاری هاوکۆ. فێربوونی پێکەوە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی هەستی هاوکاریی گۆڕینەوە لە نێوان منداڵاندا. بۆیە ژینگەی هەر پۆل و قوتابخانەیەک هاوکار و کاری دەستە کۆیی تێدا ڕنگ بداتەوە ژینگەیەکی گونجاوە بۆ فێربوون و سەرکەوتن. بۆیە پێوێستە مامۆستا زۆر گرینگی بەم پرسە بدات و بەستەری پێکەوە فێربوون لە قوتابخانە بۆ قوتابیان وەدی بهێنێت تاکوو بە گیانی پێکەوەبوون گەشە بە تواناکانیان بدەن لە پێناو دەستەبەرکردنی ئەم بەها و ئامانج‌گەلانەی خوارەوە:

- هاندانی قوتابیان لەسەر کاری هەرەوەزی و کاری هاوبەش و دیاری‌کردنی ڕۆڵی هەر یەکێکیان و پابەندبوونیان پێیەوە.

- هەل بۆ منداڵان دەڕخسێنێت تاکوو چالاکانە و بە گەرم و گوڕی بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن و سوود لە توانا و بەهرە هزری و زانستییەکانی یەکدی وەربگرن.

- هاندانی قوتابییان لەسەر هەڵگرتنی باری بەرپرسیاریەتی و ڕاهاتن لەسەر ئارام گرتن.

- ترس، دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانی منداڵان کەم دەکاتەوە و لە دۆخە سەختەکاندا پشت بە خۆیان دەبەستن.

***

سەرچاوەکان

١- کەریم ئەحمەد عەزیز (2017) بنــــــــــەمــاکـانی پـــــــەروەردە (دەروازەیەک بۆ پەروەردەناسی) هەولێر، چاپی نارین.

٢- کەریم ‌شەریف ‌- قەرەچەتانی (2014) ســـــایـــکۆلۆژیــا و ڕێــگاکــانی وانەوتنەوە، سلێمانی، چاپخانە: پیرەمێرد چاپی یەکەم.

٣-  کاوە عەلی مەحەممەد (2019) په‌یڕەوی خوێندنی هاوچەرخ، هەولێر، چاپخانەی: ڕۆژهەڵات.

٤- که‌ریم ئه‌حمه‌د عه‌زیز (2014) ڕێگاکانی وانەوتنەوە: هه‌ولێر

٥- یوسف عوسمان حمد (2006) تیۆرییه‌کانی په‌روه‌رده‌ و فێربوون، هه‌ولێر. گۆڤاری ئاسوی په‌روه‌رده‌یی.

٦- ڕزگار خدر مستەفا (٢٠١٩)، با پەروەردە خەمی هەموومان بێت، کۆنفرانسی کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت، تاران، چاپخانەی تاران

٧- ابراهیم زاده، عیسی ( 1388). فلسفه تربیت. تهران: دانشگاه پیام نور

٨- تقی پورظهیر، علی (1388). اصول و مبانی آموزش و پرورش. تهران: دانشگاه پیام نور

٩- شریعتمداری، علی (1388). اصول و فلسفه تعلیم و تربیت. تهران: انتشارات امیرکبیر

Brown. L. ( 1978 ) The Twenty- ninth Day. Newyork : Norton. 197  10 -
 

ئەم وتارە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.