گرووپی تایبەتی دارایی ''ئێف ئەی تی ئێڤ'' لە دوایین بەیاننامەی خۆیدا ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕووی سپیکردنەوەی پارە، دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم و بڵاوکردنەوەی چەکی کۆمەڵکوژ لە لیستی وڵاتانی مەترسیداردا دەمێنێتەوە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی کۆنوانسیۆنی CFT بۆ بەرەنگاربوونەوەی دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم واژۆ کردووە.
ئەم گرووپە داوای لە هەموو وڵاتان کرد لە هەوڵەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەر دژی تاران بەردەوام بکەن.
ئەم دامەزراوەیە لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی هەینی ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە لە مانگی فێورییەی ٢٠٢٠ تا ئەمڕۆ، ئەو ڕاپۆرتانەی کە کۆماری ئیسلامی لە مانگەکانی ژانویە، ئاگۆست و دێسامبری ٢٠٢٤ و هەروەها ئاگۆستی ٢٠٢٥ پێشکەشی کردوون، هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دۆخی ئێراندا نیشان نادەن.
ئەو ڕێکخراوە هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٦دا بەڵێنیان داوە کەموکوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم چارەسەر بەکەن، بەڵام ئەم بەرنامەیە لە مانگی ژانویەی ٢٠١٨ هەڵوەشایەوە.
لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا ڕێکخراوی ''ئێف ئەی تی ئێڤ'' داوای لە هەموو ئەندامانی کرد کە بە چاودێریی چڕتر، ڕاپۆرت و پشکنینی دارایی وردتر بۆ دامەزراوە داراییەکانی ئێران بکەن.
ڕێکخراوی ''ئێف ئەی تی ئێڤ'' لە درێژەی بەیاننامە نوێیەکەیدا پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی ''پالێرمۆ''ی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە ڕێکارێکی "ناتەواو" وەسف کرد و نووسی: مەرجە زۆرەکانی تاران سەبارەت بە بڕگەکانی پەیماننامەی پالێرمۆ بووەتە هۆی ئەوەی کە جێبەجێکردنی نێوخۆیی لە ئێران لەگەڵ پێوەرەکانی ئەم دامەزراوەیە ناتەبا بێت.''
گرووپی تابەتی ماڵیی سەبارەت بە پێبەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی لە بواری قەدەغەکردنی پەرەدانی چەکی ناوکی ئاماژەی بە بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت کردووە و داوای لە وڵاتانی دیکە کردووە ئەو مەترسییانە دەستنیشان و کۆنترۆڵ بکەن.