کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێژیمی ئێران دەبێ کۆتایی بە کوشتن و ئەشکەنجەی قوتابییان بهێنێت

11:19 - 26 رەزبەر 2722

کۆمیتەی مافی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەک‌دا، پێشێلکردنی مافی منداڵانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەتوندی مەحکووم کرد و داوای کرد کە کۆتایی بە کوشتنی منداڵان بهێننن.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی مافی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر منداڵانی قوتابی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردوە و کردەوەکانی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر منداڵانی خوار تەمەن ١٨ساڵانی بەتوندی شەرمەزار و مەحکووم کرد.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە دەبێ ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوەیەک هێرش و ئەشکەنجە بۆ سەر منداڵانی قوتابخانەکان ڕابگرێ و بە هیچ شێوەیەک لێی قەبووڵ ناکرێت جینایەتی لەو شێوەیە ئەنجام بدا و دەبێ هەموو دنیا لەسەر ئەو جینایەتە بێتە دەنگ.

لەو بەیاننامەیە‌دا هاتووە کە، وێڕای نیگەرانیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەهەمبەر جینایەتەکانی تاران بۆ سەر منداڵان، لانیکەم ٢٣منداڵ و مێرمنداڵ کە یەکێکیان منداڵێکی ١١ساڵانەیە لە درێژەی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون کە ئەوە جینایەتێکی گەورەیە و نابێ چاوپۆشی لێ بکرێ و دەبێ هەموو جیهان دژی جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە بێنە دەنگ و ڕیسوای بکەن.