![](/content/upload/1/news/56360_w920.jpg)
وتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی دانوستانەکانی بەرجامەوە ڕایگەیاند کە بەپێی هەلومەرجی هەنووکەیی، ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕوو نادات.
ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ''کارین ژانپیێر''، وتەبێژی کۆشکی سپیی ئامریکا، لە کۆبوونەوەی حەوتووانەی خۆیان لەسەر دانوستانە ناوکییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتی: ''ئەمریکا هیچ دەرگایەکی دیپلۆماسی داناخات، بەڵام بەپێی هەلومەرجی هەنووکەیی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ تاران ڕوو نادات''.
پیشتریش ''نێد پرایس''، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتبووی، ئەمریکا لە ئیستادا لەجیاتی گرینگیدان بە دانوستانی بووژانەوەی بەرجام، گرینگی بە پشتیوانی لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران دژی حکوومەت دەدات.
''کارین ژانپیێر''، لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد کە، ڕێژیمی ئێران بە خراپترین شێوە هێرشی توند دەکاتە سەر خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران کە داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن، بۆیە ئامریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دانوستانەکانی بەرجام لەگەڵ ئەو ڕێژیمە ڕابگرێت و زۆرتر تیشک بخاتە سەر خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێن و تەنانەت منداڵانی قوتابخانەش دەکوژن.