کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران بە هێرش بۆ سەر کوردەکان دەیانهەوێ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران بەلاڕێدا ببەن

11:29 - 26 رەزبەر 2722

لە ئێراندا لەو شوێنانەی کە کوردەکان هەن سەرکوت زیاترە. ڕێژیمی ئێران ئیدعا دەکات کوردەکان دەیانهەوێ "جیا" ببنەوە. کوردەکان لەدوای مافی خۆیانن. خودموختاریی کوردەکان لە سووریە و عێراق ترسی ڕێژیمی لێکەوتووەتەوە.

ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ قووڵترین چالش لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕوو بوونەتەوە و ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە کوژرانی ژینا ئەمینی وەک ڕاپەڕینێک بۆ جیابوونەوەی کوردەکان لە قەڵەم بدەن کە ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە.

ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵە خەڵکی سەقز لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە کوژرا.

ڕاپەڕین لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا لە سەقز دەستی پێ کرد و بەخێرایی هەموو ئێرانی گرتەوە. لە زانکۆکان و قوتابخانەکان دروشمی" ژن، ژیان، ئازادی" بەرز کرایەوه و زیاترین سەرکوت لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە کوردستان ڕووی دا.

زیاتر لە ١٠ میلیۆن کورد لە ئێراندا دەژین.

ڕێژیمی ئێران دەڵێت کە حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستیان لە ڕێبەریکردنی ناڕەزایەتییەکاندا هەیە. سپای پاسدارانیش بەو بیانوویە بە مووشەک و پەهباد هێرشی کردە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ١٣ کەس لە ئەندامانی ئەو حیزبانە شەهید بوون.

کاربەدەستانی ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران حیزبەکان بە جیاییخواز تۆمەتبار دەکەن بەڵام ئەو تۆمەتانە سەرکەتوو نەبوونە. کاربەدەستانی ئەمنیەتیی ڕێژیمی ئێران وتوویانە پشتیوانیی سەرانسەری لە ئاستی ئێراندا لە کوردەکان دەکرێت. ئەوان دەڵین حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زیاترین دەستی لە خۆپیشاندانەکاندا هەیە.

"عەلی فەتحوڵڵا نژاد" کارناسی زانستی سیاسی لە زانکۆی ئامریکا وتوویەتی: "لە سەرەتای دەسپێکی خۆپێشاندانەکاندا ڕێژیمی ئێران هەوڵی داوە کە ئەو خۆپێشاندانە وەک بابەتێکی "قەومی" لە قەڵەم بدات هەتا پرسێکی نەتەوەیی و تۆمەتی وەک جیاییخوازی دەخاتە پاڵ کوردەکان. بەڵام یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێران لە خۆپێشاندانەکاندا ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی تارانی پووچەڵ کردووەتەوە.

کوردەکان لە عێراق ساڵی١٩٩١ توانیان خودموختاری لە عێراق وەربگرن و دواتر کوردەکانی سووریە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١١ توانییان حکوومەتێکی خۆبەڕێوەبەری دامەزرێنن.

لە سووریە و عێراق کوردەکان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران خۆپێشاندانیان کرد. لە تورکیەش پارتی دێموکراتی گەلان HDP پشتیوانیی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران کردووە.

"تۆنسر باکرهان" شارەداری پێشوو بەهۆی پشتیوانی لە کوردەکان کە وتبووی داوای ئازادی و دێموکراسی دەکەن لەسەر کارەکەی لابرا.

ڕێژیمی ئێران ئیدعا دەکات کە هەموو نەتەوەکانی ئێران مافی خۆیان هەیە بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەو ئیدعایە وەدرۆ دەخەنەوە. سەدان زیندانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە زیندانەکاندان.