کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆکراین: یەکیەتیی ئورووپا دەبێ گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران

11:33 - 26 رەزبەر 2722

"دمیترۆ کولبا" وەزیری دەرەوەی ئۆکراین داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە بەهۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران دڕۆن بە ڕووسیە دەفرۆشێت گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر تاران.

هەروەها "میخائیل پودوولیاک" ڕاوێژکاری سەرکۆماری ئۆکراین ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری کوشتاری خەڵکی ئۆکراین دەزانێت.

ناوبراو باسی لەوە کردووە هەر ئەو ڕێژیمەی کە خەڵکەکەی سەرکوت دەکات لە ئێستادا وای لێ هاتووە لەنێو جەرگەی ئورووپادا چەکوچۆڵ بۆ کوشتاری بەکۆمەڵ بە وڵاتانی زلهێز دەفرۆشێت، ئەوەش یانی قاندان بە دەسەڵاتێکی پاوانخواز، کەواتە پێویستە یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران.

دوای هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین خەڵکی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە کیێڤ بەڕێوە برد و ناڕازییان داوایان کرد کە ئێران نابێ دڕۆنی خۆتەقێن بۆ ڕووسیە بنێرێت.

لەو پێوەندییەدا "گابریلیووس لندسبرگیس" وەزیری دەرەوەی لیتوانی وتی، ڕێژیمی ئێران بە فرۆشتی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بە ڕووسیە بۆ شەڕ دژی ئۆکراین وەک "بلاڕووس" بەشداربوویەک لەو شەڕەدا دێتە ئەژمار.