کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەیەکی شاری بۆکان

11:56 - 26 رەزبەر 2722

لە درێژەی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران و کوردستان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر قوتابخانەیەک و هەڕەشەیان لە بەڕێوەبەرەکەی کردووە.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری بۆکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی ''ئەندێشە''ی ئەو شارە و هەڕەشەیان لە مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کردووە و داوای ئەوەیان کردووە کە ئەو قوتابییانەیان پێ بناسێنن کە بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکاندا کردووە.

هێزی دەمامکداری سپای تێرۆریستی پاسداران بەتەواوی دەوری قوتابخانەکەیان تەنیوە و ویستوویانە قوتابییان دەسبەسەر بکەن و ژمارەیەک لەو هێزە چوونەتە نێو قوتابخانەکە و چواردەوری قوتابخانەکەیان بە تەواوی خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

هێزە تێرۆریستەکانی سپای پاسداران، چەکی ساچمەییان پێ بووە و ژماریەکی جاشی بەکرێگیراویش بەمەبەستی دەسبەسەرکردن و ئازاردانی منداڵانی قوتابخانەکە لەگەڵیان کەوتوون و ڕووبەڕووی مامۆستا و قوتابیان بوونەتەوە؛ دەوترێ بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەندێشە داوای لێ کردوون کە بچنە دەرەوە، بەڵام هێزە تێرۆریستەکانی سپای پاسداران ‌هەڕەشەی کوشتن و ڕفاندنیان لێ کردووە.

لەو ماوەیەدا ئەوە چەندەمین جارە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەو شێوەیە هێرش دەکەنە سەر قوتابخانەکان لە کوردستان و دەیانەوێ دەنگی قوتابییان کپ بکەن.