کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرا کە بەدواداچوون بۆ جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران بکات

12:53 - 26 رەزبەر 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ٤٣ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی بە واژۆکردنی بەیاننامەیەک داوای دانیشتنی بەپەلەی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران کرد.

بە وتەی لێبوردنی نێونەتەوەیی و باقی ڕێکخراوەکانی واژۆکەری ئەو بەیاننامەیە، لەو دانیشتنەدا باس لەوە کراوە کە پێویستە سازوکاری تایبەت بە چۆنیەتیی لێکۆڵینەوە، ڕاپۆرتدان و وەڵامدانەوە بە بەدواداچوون بۆ جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان پێک بهێندرێت.

 لەو بەیاننامەیەدا باس لەوە کراوە کە دەزگای سەرکوتکەری ڕێژیم لە خۆپیشاندانەکانی زیاتر لە یەک مانگی ڕابردوودا لە هیچ توندوتیژییەک بەرامبەر بە خەڵکی ناڕازی و تەنانەت منداڵان خۆی نەپاراستووە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران و لەوانە ٢٣ منداڵ لە کوردستان و پارێزگای بەلووچستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران کوژراون و هەروەها هەزاران کەسی دیکەش دەسبەسەر کراون.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەگەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەنگاوێکی جیددی لەو بارەیەوە هەڵنەگرێت، خەڵکێکی بێ‌ئەژماری دیکە و بەتایبەت منداڵان بەرەوڕووی توندوتیژی و سەرکوتی بێبەزەییانە دەبنەوە.

ئەو ڕێکخراوانە هەروەها باسیان لەوە کردووە کە بەرپرسانی ئێرانی زۆرجار هۆشداریی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمیساریای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەندام و کۆڕی گشتیی ئەو ڕێکخراوەیان سەبارەت بە نایاساییبوونی هەڵسوکەوت لەگەڵ ناڕازییانیان پشتگوێ خستووە.