وتووێژ: کاروان مێراوی
ئاماژە: شەهیدبوونی شەهید ژینا ئەمینی، کچە کوردێکی شاری سەقز لە شاری تاران و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە بیانوویەکی بێبنەما بەناوی حیجابی زۆرەملێ، بوو بە هەوێنی ڕاپەڕینی ئەمجارەی کوردستان و ئەم ڕاپەڕینەش بە شێوازێکی جیاوازتر له ڕابردوو ئێرانی سیاسیشی گرتەوە و هەنووکەش پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە شەهیدبوونی شەهید ژینا و دەستپێکی ئەم سەرهەڵدانە، ڕاپەڕینەکە هێشتا بەردەوامە و تاکوو دێت تینی خرۆشانی شەقامەکان زیاتر دەبێت. لەم پێوەندییەدا و بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز فەریبا محەممەدی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێک هێناوە کە سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.
خاتوو فەریبا با دەستپێکی وتووێژەکەمان بەم پرسیارەوە دەست پێ بکەین؛ ڕوانگەی بەڕێزتان لەسەر سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی ئەمجارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟
ڕاپەڕینی ئەمجارە بە کوشتنی کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی "ژینا ئەمینی" لە تاران دەستی پێ کرد، کە ئەکرێت بڵێین جیاوازترە لەگەڵ ناڕەزایەتی و ئاخێزەکانی پێشوو لەبەر ئەوەی کە ژنان و مەرگی ئەوان زۆر بە کەمی دژکردەوەی هەمەگیری لێ کەوتووتەوە. بەتایبەت لە ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بە بوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ژن بەرەوڕووی زیاترین هەڵاواردن و ستەم بوونەتەوە و دەنگیان نەبیستراوە. بۆیە ئەمجارە ئاخێزەکە لە ناڕەزایەتی بە مەرگی "ژینا" لە شاری سەقزەوە دەستی پێ کرد و دواتر سنە و سەرتاسەری کوردستان و ئێرانی گرتەوە. هەروەها ئەمجارە هەموو شارەکانی کوردستان خۆیان بە خاوەنی ئەم کەیسە دەزانن و خاوەنداریەتیی لێ ئەکەن. بۆیە من ئەم سەرهەڵدانەم پێ جیاوازترە کە بزاڤی کوردی بردە قۆناغێکی تر و پرسی ژنی بەتەواوەتی لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و پرسەکانی دیکەی گرێ دایەوە.
ئەم ڕاپەڕینەی کوردستان چەندە کاریگەریی لەسەر سەرهەڵدانی ناوچەکانی تری ئێرانی سیاسیی هەنووکە هەبووە و چ جیاوازییەکی لەگەڵ ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکانی ڕابردوودا هەیە؟
ئێستە دوای تێپەڕبوونی مانگێک لەم شۆڕشە کە بە شۆڕشی ژینا ناوبانگی دەرکردووە، بۆ هەموو لایەک ڕوون بووەتەوە کە کوردستان پێشەنگ و پێشڕەوی ئەم شۆڕشە بووە و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەموو ئێران و تەنانەت جیهانیشی تەنییەوە. لە تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامیدا زۆر جار لە شوێن و ناوچەیەکی ئێران ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان هەبووە و بەرچاوترینی ساڵەکانی ئەم دوایییانە وەکوو؛ خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ و بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بووە کە تەنیا چەند شاری گرتەوە و دوای چەند ڕۆژیش لەبەر سەرکوتی دڕندانەی ڕێژیم کۆتایی پێ هاتووە. بەڵام ئەمجارە سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە، تەنانەت شارگەلێک کە ناوەندی پێگە و پڕوپاگەندەی ڕێژیم بوون و قەت بەشداری هیچ ناڕەزایەتییەک نەبوون. لە هەمان کاتیشدا سیما و ناوەڕۆکی خۆپیشاندانی لە ئێران گۆڕی و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەشداریی بەرچاوی ژن ئاستەکەی بەرز کردەوە و هەموو سنوورەکانی تێپەڕاند و کورد و کوردستان بوو بە سەمبۆلی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە سەرتاسەری ئێراندا. بۆیە ئەگەر لە ٤٣ ساڵی ڕابردوودا ئەوە تەنیا کورد و بزووتنەوەکەی بووە کە لە بەرانبەر ڕێژیمی ئیسلامیدا وەستاوەتەوە و قوربانیی داوە، ئێستە کوردستان ڕێنوێنیکەر و ڕێنیشاندەری هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئیرانە بۆ خەبات و بەرەنگاری دژی ڕێژیمی سێدارە.
ئێستە "ژینا" ڕەمزی بەرخودانی ژن و پیاوە لە هەموو بەشەکانی ئێران و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش. هەشتەگی ژینا (مەهسا) ئەمینی بوو بە ترێندێکی جیهانی و سنووری ٣٠٠ میلیۆنی تێپەڕاند کە ئەمە لە جیهاندا بێوێنەیە. لە هەمان کاتیشدا سەرنجی جیهانی بۆ لای پرسی ژن و نەبوونی ئازادی لە ئێراندا ڕاکێشا و ئەمڕۆ هەموو کەس، ژینا و شۆڕشی ژینا دەناسێت و هاوسۆزی و هاوپشتیی لەگەڵ دەکەن.
بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بە هێرش بۆ سەر مافی ژنان و سەرکوتی ئەوان دامەزرا و ٤٣ ساڵە لە زیندانێکی گەورە بە ناوی ئێران ئەوانی خنکاندووە و بەردەوامیش ژنان بە شیوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، قەت نەبوو بە شۆڕشێکی سەرتاسەری و پاڵپشتییان نەکراوە، بەڵام ئەمجارە کوردستان توانی بە هەڵوێستی دروست و بەجێ، هەموو ئێران یەک خەت بکات بۆ پشتیوانی و پشتگیریی ژنان بۆ ڕزگاربوون لە چنگ دژەژنترین ڕێژیمی سەردەم. ئەمەش لاپەڕەیەکی زێڕینە لە بزاڤی کورد و ئاست و پێگەی کوردی بەرزتر کردەوە.
ڕۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕێکخستنی شەقامەکان بۆ ئەو ڕاپەڕینە چۆن دەبینن؟
بێگومان نابێت ڕۆڵی حیزبەکان و بەتایبەت ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەرچاو نەگرین. هەر لە یەکەم ساتەکاندا کە ژینا کەوتە بەر هێرشی گەشتی ئێیرشادی کۆماری ئیسلامی (پۆلیسی بەناو ئەخلاق) و دواتر لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران بوو، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران خێرا هاتە سەر خەت و ڕاگەیەندراوی دا و دوای ئەوەش کە بەداخەوە ژینا گیانی لەدەست دا، هەر ئەو شەوە ناوەند و لایەنی دیکەش بڕیاری مانگرتنی گشتییان لە کوردستان بۆ ڕۆژی دووشەممەکەی ڕاگەیاند کە هەر وەک بینیمان خەڵک بەدەم ئەم بانگەوازەوە هاتن و کوردستان لە ناڕەزایەتی و تووڕەبوون بە مەرگی ژینا مانی گرت، هەروەها داوایان لە خەڵک کرد کە بێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەرببڕن. بۆیە حیزبەکان زۆر بە دروست ئەم هەلەیان قۆستەوە و بە هاواهەنگی لەگەڵ تێکۆشەرانی ناوخۆ چەخماخەی شۆڕشی ئەمجارەیان لێ دا کە ئەوەندە بەهێز بوو هەموو ئێرانیشی هێنایە سەر شەقام.
لە مێژووی کورد و بەتایبەت لەم چەند ساڵەی رابردوودا هەر کات حیزب و لایەنە سیاسییەکان هاودەنگ و یەکگرتوو بوون توانیویانە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر خەڵکی کوردستان دابێنن و وڵامی داواکارییەکانیان بدەنەوە و چەندین حەماسە و مانگرتنی پڕشکۆیان خۆلقاندووە. بۆیە ئەتوانین بڵێین خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی کوردستان پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ یەکتر هەیە و لێک دانابڕن.
ئاکامی ئەم ڕاپەڕینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی سیاسیی هەنووکە و ڕەوڕەوەی داهاتووی چۆن دەبینن؟
ئەوەی تاکوو ئێستە دەبیندرێت بەردەوامی ئەم شۆڕشەیە کە ئەمەش یەکەم جارە شتی وا ڕوو دەدات، خاڵی سەرەکییە بۆ سەرکەوتن و بەردەوامی. لە هەمان کاتیشدا بەرفراوانی ئەم شۆڕشە هەم لە باری جوگرافیایی و هەم لە باری ویست و داواکاری و بوونی دروشم و خواستێکی سەرەکی وەک "ژن، ژیان، ئازادی" کۆدەنگییەکی بەهێزی پێک هێناوە. فاکتەرێکی تر کە دەتوانێت کاریگەر بێت، هاتنە سەر خەتی وڵاتانی ڕۆژاوایی و ڕۆژەڤبوونی شۆڕشی ژینا لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی جیهانە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ئەگەر لە ئێستەدا ئەم شۆڕشە کۆتایی بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەهێنێت، بەڵام قەت قەت کۆمەڵگەی ئێران ناگەڕێتەوە بۆ پێش مەرگی ژینا. چونکە ئێستە کچانی خوێندنگەکان و مێرمنداڵان دێنە سەر شەقام و لەچکەکانیان فڕێ دەدەن و هاواری ئازادی دەکەن کە ئەمەش لە هەر کۆمەڵگەیەک فاکتەرە بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەو کۆمەڵگەیەدا.
بۆیە داهاتووی ئەم شۆڕشە هیوابەخشە و مژدەی ئازادیمان پێ دەدات.
خاتوو فەریبا وەک دەوترێت کۆمەڵگەی جیهانی لە ئاستی پێویستدا پاڵپشتی لە ڕاپەڕینی جەماوەریی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێرانی سیاسیی هەنووکە نەکردووە، هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
من وادەزانم تا ئێستە هەنگاوی باش نراوە بۆ پاڵپشتیکردن لە شۆڕشی خەڵکانی ئێران لەلایەن دەوڵەتان و کەسایەتییە سیاسی و هونەری و …ـەکانی ڕۆژاوایی. بەڵام ئەوەی کە ئێمە چاوەڕانین لەوان و ئەوەی کە ئێمە وەزاڵەهاتووین بەدەست ئەم ڕێژیمە جینایەتکارەوە، لای ئەوان جۆرێکی ترە و بەرژەوەندیی خۆیان لە سەرووی هەموو شتێکە. یەک خاڵی تر ئەوەیە کە لە ئاستی ئێراندا ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و خاوەن پێگە نابینین کە بتوانێت ئاڵترناتیڤی دوای ڕێژیمی ئیسلامی بێت. تەنانەت ناوەندێکی ڕێکخراو لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی پێک نەهاتووە تاکوو یەکدەنگ بکەونە وتووێژ و دانوستان لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژاوا. بۆیە کێشەکە سەرەتا لەنێو خودی دژبەرانی ڕێژیمی سێدارەیە.
خۆپیشاندانی کوردستانی و ئێرانییەکانی تاراواگە چەندە کاریگەریی لەسەر ڕاپەڕینی ناوخۆ هەیە؟
بە دڵنیایییەوە خۆپیشاندانەکانی کوردستانی و ئێرانییەکانی تاراوگە زۆر زۆر کاریگەرە و دەتوانێت هێزێکی گەورە بێت بۆ هەژاندنی شەقامەکانی هەموو جیهان کە تاکوو ئێستەش زۆر باش بووە و یەکەم جارە کە بە هەزاران کەس دێنە سەر شەقامەکان و لە بەردەم باڵوێزخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندان دەکەن و سەرەنجی جیهانی زیاتر ڕاکێشاوە. بۆیە ئەگەر لە ڕابردوودا ئەوە تەنیا کوردانی تاراوگە یان چالاکانی سیاسیی ئێرانی بەشێوەی پچڕپچڕ بوون کە ناڕەزایەتییان دەردەبڕی، هەنووکە هەموو تاراوگەنشینەکان بەم شۆڕشەی ژینا دڵخۆشن و دێنە سەر شەقام. ئەتوانم بێژم کۆدەنگییەکی بەهێز لە دەرەوە دروست بووە کە خەریکە ئەبێتە گوشارێک بۆ سەر دەوڵەتان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تا ڕادەیەک پاڵپشتیی کەسانێکی وەک پەرلەمانتار و سناتۆر و کەسایەتییە سیاسییەکانیان بەدەست هێناوە. ڕوو بە ناوخۆش زۆر کاریگەرە، کاتێک کە خەڵکی ڕاپەڕیو هەست بە تەنیایی نەکەن و دەنگیان ببیسترێت و پێکەوە تێ بکۆشین بۆ ڕووخانی ئەم ڕێژیمە کە ئەڵبەت ئەرکی ناوخۆ گەلێک قورسترە.
خاتوو فەریبا سپاس بۆ ئەوەی کە کاتتان دانا و لەم وتووێژەدا هاوکاریی ئێمەتان کرد، لە کۆتاییدا ئەگەر هەر شتێک ماوە بۆ باسکردن یان هەر پەیام و قسەیەکتان هەیە بفەرموون.
سپاسی بۆ ئێوەی ئازیز و بە هیوای سەرکەوتنی شۆڕش و ئاخێزی ئەمجارەمان.