کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرهەڵدان له گوتاری پەراوێزەوە

17:21 - 26 رەزبەر 2722

سمکۆ سەقزی

له ماوەی ژیانی پڕ له مەرگ و نەفرەتی ڕێژیمی ئیسلامیی تاراندا، بەرنامە و پلانێکی تۆکمە دارێژرا کە ئەو چین و توێژ و نەتەوانەی کە لەگەڵ دەسەڵاتدا ناگونجێن و ناتەبان، بسڕێنەوە.

له دەستووری بنەڕەتیی ئەم ڕێژیمەدا، ژنان کە نیوەی کۆمەڵگان، له بوون و ژیان بێبەش و مەحرووم کران، یاساوڕێسای نادادپەوەرانە دانرا و بەڕێوە چوو.

لە ماوەی ئەم دەسەڵاتەدا، وڵاتی ئێران دەیان و سەدان نموونەی ڕەجم و بەردەبارانی ژنانی بەخۆیەوە بینی، له ماف و حەقدا حیسابی نیوەی پیاوی بۆ کرا، ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕەگەزی پیاویش تەنیا بەو پێوەرانە وا پەسەندی ڕێژیمە مافی پێ دەدرێت و هەر چەشنە بیر و کردەوەی جیاواز لە ئیدئۆلۆژیی ئاخوندی، تووشی سزای توند دەبێت.

لە یەکەم ڕۆژی دامەرزانی حکوومەتی خومەینی و دەرکەوتنی ڕووی ڕەشی کە ڕووی ڕاستەقینەیەتی، کوردستان "نا" یەکی گەورەی بە ڕیفراندۆمەکەی وت و بایکۆتی کرد، ڕێژیم بەوپەڕی دڕەندەییەوە پەلاماری خاکی کوردستان و خەڵکی کوردی دا؛ بۆ ئەم وەحشیگەرییەی هەمیشە قەرائەتێکی ویلایەتی فەقیهییانەی دەهێنا و ئەوپەڕی کەڵکی نابەجێی لە ئایین وەردەگرت.

ئەو ڕۆڵەی کە ئەو بە ئایینی دەدا، دروستکردنی گوتارێکی ناوەندگەرایانە بوو بۆ ئەوەی دژبەرانی خۆی پێ بکوتێ و بیانخاتە پەراوێزەوە.

دادگای میکۆنۆس سەلماندی تەنانەت بۆ تێرۆرەکانیش، تێروریستەکان، حوکمی فەقیهـ و مەرجەعی دینیی باڵایان بەدەستەوە بوو.

بۆ ئەشکەنجە و لێدانی زیندانەکانیش ئیزنی دینی لەلایەن ئاخوندەکانەوە دەدرا.

له هیرارشیی هێز و دەسەڵاتی ویلایەت فەقیهدا سەرۆکی هێزی بەناودادوەری ئاخوند بووە و کەسانی بەرپرس و کاربەڕێکەر و کارگێڕی ئەو بەشە، کە لە دادگا و زیندانەکاندا دادەمەرزان و بەشێکی زۆریان ئاخوند نەبوون، شەرعیەتی بێدادی و ستەمکارییان لە سەرەوەی خۆیان دەگرت کە ئایەتوڵا بوو.

جۆری ئەم دابەشکاریی هێزە بەم شێوەیە بوو کە قودسیەت و تەشریع له قۆرغی ئاخونددا ماوە و ئیشی داپڵۆسان و سەرکوتی خەڵک له ڕێگای کەسانێک کە ئەوان، ڕەواییان پێدەدان ئەنجامی گرتووە کە دیارترینیان سپای تێرۆریستیی پاسدارانە.

خەڵاتی ئەم سەرکوتە، بەخشینی زۆربەی سامان و داهاتی وڵاتە بە سپا.  سپا دەستی ئاوەڵا بوو له دزین و تاڵانی هەموو کانگا و سامانی وڵات. له هەموو گرێبەستەکانی نەوت و گاز و پێتروشیمی پشکی شێر و براوەی پێ دراوە.

بە پێی ڕاپورتە جێی باوەڕەکان، سپا و بەسیج، گەورەترین تۆڕی فرۆشتنی ژنان و کچانن له جیهان بۆ فەحشا، کە ئەم ئیزنەش لە لایەن مەلاکانی قوم و تارانەوە پێیان دراوە.

ئێستا دوای چل و سێ ساڵ له تێپەڕینی عومری ئەم ڕێژیمە دژەمرۆییە، ئەو لایەنە پەراوێزخراونەی کۆمەڵگا کە ژنان له ئێراندان بەگشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی، نەک تووشی فەوتان و لەناوچوونی ئیرادە نەبوون، بەڵکوو پێشەنگی خەباتێکی بەرینن دژ بە دیکتاتورییەت.

ژن، بە پێی زات و سروشتی کە سەرچاوەی ئافراندنە، ژیان و ئازادی دەخولقێنێ و کچان و ژنانی ڕاپەریو بەوپەڕی بوێری و چاونەترسی بۆ یەک مانگ دەچێت شەقام و گۆڕەپانیان چۆڵ نەکردووە.

میللەتی کورد، کە ڕێژیم جینایەت نەماوە دژ بەم نەتەوە جوامێرە ئەنجامی نەدابێت، بە لێهاتوویی و بە خەرمانێک له ئەندێشە و ئەزموون، وشیارانە توانیویە پێکهاتەی نەتەوەیی خۆی له ڕۆژهەڵات ڕێک بخات.

جمگەکانی کۆمەڵگای کوردی بە قوتابی و خوێندکار و مامۆستا تا دەگاتە کرێکار و بازاڕی چوونەتە یەک ئاراستەوە و بە دەنگی ڕێکخراوەکانی خۆیانەوە هاتوون و له خەباتێکی پێکەوە گرێدراوی له یەک جیانەبوودان.

مانگرتنە گشتییەکان و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازەکان نموونەیەکی باڵا و واڵای ژیار و شارستانییەتی لەمێژینەی نەتەوەی کوردن کە لەم شوڕشە سەرانسەریەدا ئولگووی تەواوی ئێرانن و تەنانەت ئێرانییەکانی دەرەوی وڵاتیش وزە و تین لە شەقامی ڕۆژهەڵاتەوە دەگرن.

ناوەندی دیکتاتۆری، بە هێزی تێرۆر و سەرەوەتی بەلێشاو پەلەقاژێی مەرگیەتی، ئەم مردنە شەرمسارانەی بەدەستی ئەو پەراوێزخراو و بێبەشکراوانە دەبێت کە ساڵەهای ساڵ هەوڵی دا بۆ لە ناوبردنیان.

بەڵام ئەوەی لە زەین و خەیاڵی ئەودا نەدەگونجا ئەوە بوو، کە کوردستان بەرگری و بەرخودان کە ڕەمز و هێمای نەمرییە له ناخیدایە و چۆن توانی نەبەزین بەرێتە سەر، بە خستن و  کەوتنی ئەهریمەنی تاران،  ژیان و ژیانەوەش بە دیاری بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەهێنێت.