کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی و خۆپێیشاندان لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە

17:31 - 26 رەزبەر 2722

ڕۆژەکانی دووشەممە و سێشەممە ٢٥ و ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان دژی ڕێژیمی داگیرکەر لە ئێران درێژەی هەبوو.

خۆپێشاندان لە شارەکانی پیرانشار، سنە، ئابدانان لە پارێزگای ئیلام ، مەهاباد و ورمێ و چەندین شوێنی دیکە بەشێوەی بەرین بەڕێوە چوو و خەڵکی ناڕازی هاتنە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتییان لە شەقامەکان بەرز کردەوە.

لە ورمێ، ڕاپەڕینی خەڵک دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام بوو.

لە مەهاباد لە گەڕەکی شارەکی فەجری ئەو شارە خەڵک و بەتایبەت لاوانی شۆڕشگێڕ نەیانهێشت شەقامەکان چۆڵ بن و بە هەڵکردنی ئاگر و دانی دروشم درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان دا.

لە شاری "ئابدانان" لە پارێزگای ئیلام لە گۆڕەپانی وەلیعەسر و زۆربەی شەقامەکانی دیکەی شار، خەڵکی شار دوای هاتنیان بۆ سەر شەقامەکان و بەڕێوەبردنی خۆپێشاندان، لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەوە و شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی دا، بەڵام زەبروزەنگی ڕێژیم نەیتوانی پاشەکشە بە خەڵکی ڕاپەڕیوی شار بکات.

لە سنە خۆپیشاندانەکان وەکوو ڕۆژانی ڕابردوو بەردەوامییان هەبوو و خەڵکی شار شەقامەکانیان کردە گۆڕەپانی بەربەرەکانێ لەگەڵ داگیرکەران.

لە پیرانشار، لاوانی شۆڕشگێر بەمەبەستی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی و دژایەتی لەگەڵ ڕێژیمی دیکتاتۆر لە ئێران و پشتیوانی لە خۆپێشاندانی سەرانسەریی کوردستان و ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و شەقام و گۆڕەپانەکانی شاریان لە دەستی خۆیان گرت و دەرفەتیان بە هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتی خەڵک نەدا.