کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچانی قوتابخانەی حەزرەتی زەینەب لە سەقز دوو ڕۆژە ڕێگای چوونە سەر پۆلەکانی خوێندنیان پێ نەدراوە

17:42 - 26 رەزبەر 2722

کچانی قوتابخانەی حەزرەتی "زەینەب" لە گەڕەکی "حەماڵاوا"ی شاری سەقز سەبارەت بەوەیکە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا چەندین جار دژ بە حیجابی زۆرەملێ و نەبوونی ئازادی، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بۆ دووهەمین ڕۆژ لەلایەن بەرپرسی ئەو قوتابخانەیەوە ڕێگایان پێ نەدرا بچنە سەر پۆلەکانی خوێندن.

دوای ئەوەیکە بەرپرسی ئەو قوتابخانەیە ڕێگای بە قوتابییان نەداوە بڕۆنە سەر پۆلەکانی خوێندن، کێشە لە نێوان قوتابییان و پێرسۆنێلی قوتابخانە دێتە پێش کە پاشان بە هاتنی بنەماڵەی قوتابییان بۆ قوتابخانە کێشەکە چارەسەر دەبێت و ئەو کچە قوتابییە ئازادیخوازانە ڕەوانەی پۆلەکانی خوێندن دەکرێنەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا مامۆستایەکی ئەو قوتابخانەیە بەهۆی ئەوەیکە پشتگیریی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران کردووە, بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە بەنیازن بە تۆمەتی ئەخلاقی کەسایەتیی ئەو مامۆستایە بشکێنن و چەواشەکاری لە ناڕەزایەتی دەڕبڕین و مانگرتنی ئەو مامۆستایە و قوتابییانی ئەو قوتابخانەیەدا بکەن.

ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە نەیانتوانیوە بە باشی وانەکانەکانیان بخوێنن و زۆربەی کاتەکان لە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕیندا بوونە.